40 کەس بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێن

بەردەڕەش -KDP.info- بەڕێوەبەری تەندروستیی بەردەڕەش گوتی، بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەزای بەردەڕەش ڕەزامەندی دراوە کە 40 کارمەند دامەزرێن و ئێستا ناوەکان یەکلایی کراونەتەوە و بەرزیش کراونەتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەی گرێبەست بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دامەزرێن، ئەمانەش ئەو کارمەندانەن کە بە شێوەی خۆبەخش دەوامیان کردووە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی بەردەڕەش، دکتۆر خدر ساڵح خدر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی دەربری بۆ خەرجکردنی بودجە بۆ دابینکردنی پێداویستیی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش، ڕەزامەندیش دراوە 40 کارمەندی تەندروستی بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دامەزرێن، کە ئەوەش بۆ ئەو کارمەندانە دەبێت کە بە شێوەی خۆبەخش دەوامیان کردووە و ناوەکانیان بە لیستێک بەرز کراوەتەوە، ئەمەش وا دەکات پێداویستیی نەخۆشخانە لە ڕووی کارمەندەوە پڕ بکاتەوە.''
دکتۆر خدر ساڵح خدر گوتیشی: ناوەکان یەکلایی کراونەتەوە وئەوانە دیاری کراون کە شایستەن و پێشتر بە خۆبەخشی دەوامیان کردووە، بۆیە ناوەکان لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە دیاری کراون، کە لیژنەکە لە قایمقامیەت و تەندروستی و پلاندانانی تەندروستیی دهۆک پێک هاتبوو، بۆیە ئەوانە دیاری کراون کە پێشتر خزمەتیان کردووە و لە داهاتووش بتوانن لە ڕێگەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەشەوە خزمەت بکەن، بۆیە ئێستا ناوەکان بەرز کراونەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت ڕەزامەندیی لەسەر بدرێت و بە شێوەی گرێبەست دامەزرێن.''
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش لە ساڵی ڕابردوو بیناکەی تەواو بووە و ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی دابین کردووە کە ملیارێک و650 ملیۆن دینارە بۆ پێداویستیی نەخۆشخانە و40 کارمەندیش بۆ ناو نەخۆشخانە بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێن.
بڵند ئیبراهیم




