٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ یەک جار نییە و بەردەوام دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info-  بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زەوی تەرخان کراوە و وەبەرهێنەر دیاری کراوە و ناوەکان جیا کراونەتەوە و تەنها هەندێک ڕێکار ماوە تەواو بێت، پرۆسەی دروستکردن دەست پێ دەکات و ئەمەش تەنها یەک جار نابێت و پرۆسەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەردەوام دەبێت، هەر بۆیەش ئێمە زەویمان بە زیادەوە دیاری کردووە.

دلڤان عومەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زەوی بۆ دروستکردنی شوقەی کەمدرامەتان دیاری کراوە کە نزیکەی 40 دۆنم زەوی دەبێت و ناوە شایستە و ناشایستەکان جیا کراونەتەوە و داوا لە وەبەرهێنەر کراوە شێوازی قیست و پێشەکی دیاری کراوە و تەنها ماوە دەست پێ بکرێت.''

دڵڤان عومەر محەمەد ئەمین گوتیشی: ''پرۆسەی دروستکردنی ئەو شوقانەی کەمدرامەتان بەردەوامە و چاوەڕێ ئەوە دەکەین لیژنە بێت و دیراسەی خۆیان تەواو بکەن، چونکە بڕیار دراوە کە ساڵانە دروستکردنی شوقەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدرامەتان بەردەوام بێت، بۆیە ئێمەش زەویمان بە زیادەوە دابین کردووە کە ساڵانە چەند شوقەمان بەر کەوێت بتوانین لەسەر ئەو زەوییە دروست بکەین، لەبەر ئەوەی لە هەموو هەولێر شەش هەزار و800 شوقە دروست دەکرێت و چەند کۆبوونەوەیەک کراوە بۆ ئەوەی پشکی ئێمە چەند بێت.''

دڵڤان عومەر محەمەد ئەمین ڕوونیشی کردەوە: هەرکاتێک پشکی ئێمە دیار بوو دەست بە تیروپشک دەکەین لە ناوەکان و چاوەڕێ دەکەین وەزارەتەکانیش بێن کەشفی خۆیان بکەین و کە ڕێکارەکان تەواو بوو دەست بە پرۆسەی دروستکردنی دەکرێت.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار