ئەکرەم ئەحمەد: هەڵمەتی نیشتمانیی دروستکردنی پۆندی هەرەوەزی، هەنگاوێکی زۆر باشە و لە بەرژەوەندیی گوندنشیناندایە

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری پێشووی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، هەڵمەتی نیشتمانیی دروستکردنی پۆندی هەرەوەزی هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ گوندنشینان کە هەم دەتوانن گوندەکانیان ئاوەدان بکەنەوە و هەم پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ بدەن و سوودی لێ وەربگرن، بەڵام ئەمە پێویستی بە ئیدارەدانێکی باش هەیە.
ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری پێشووی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ڕاگەیاندنی پڕۆژەی نیشتمانیی دروستکردنی پۆندی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە گوندەکان، هەنگاوێکی زۆر باش و گرنگیشە ئیدارەیەکی باشی ئاو هەبێت و ئەو بارانەی دەبارێت هەر جارە و بە شێوەیەکە، بۆیە ئەوەی گرنگە عەمبارکردن و کۆکردنەوەی ئاوە لە ڕێگەی پۆند و بەنداوی بچووک و گەورە و خاوێنکردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆکان بێت، بۆیە ئەو پڕۆژەیە پێویستە بە هاوبەشی بێت لەگەڵ جووتیارەکان و، حکوومەت دەتوانێت هاوکارییان بکات و ئەوانیش گرنگی بەو بابەتە بدەن کە لە بەرژەوەندیی خۆیاندایە .''
ئەکرەم ئەحمەد گوتیشی: ''خۆی بۆ ئەمساڵ دروستکردنی پۆند ڕەنگە درنگ بێت و پێوست بوو زووتر ئەو کارە بکرێت، بەڵام دەکرێت وەکوو پلان کاری لەسەر بکرێت بۆ ئایندە بۆ ئەوەی گوندەکان ئاوەدان ببنەوە و کەرتی کشتوکاڵ پەرەی پێ بدرێت و خەڵک ڕوو لەو کەرتە بکات و سوود لەو پۆندانە وەربگرن، ئەمەش بەوە دەکرێت کە حکوومەت هاوکاریوی جوتیاران بکات بۆ ئەوەی بتوانن لەو پڕۆژەیەی ڕاگەیەندراوە سەرکەوتوو بن و خەڵکیش سوودی لێ وەربگرن.''
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەڵمەتی پڕۆژەی نیشتمانیی دروستکردنی پۆندی هەرەوەزیی بۆ گوندنشینان ڕاگەیاند کە بریتییە لە دروستکردنی پۆند لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک کێشەی یاسایی و ئیداری نەبێت کە ئەمەش چارەسەری باشە بۆ ئەو خەڵکەی دەیەوێت پۆند دروست بکەن و حکوومەتیش هاوکاری پێویستیان دەکات کە پۆندەکان بە شێوەی زانستی دروست بکرێن.''
بڵند ئیبراهیم




