گۆڕینی ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجە پێچەوانەی دەستووریشە

بەغدا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی پێی وایە، گۆڕینی ماددەکانی نێو پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پێچەوانەی دەستوور و یاسایە و دەشڵێ، سوودانییش ھاتووەتە سەر خەت و بەو گۆڕانکارییەوە پرۆژەیاسای بودجە نایەتە ناو ھۆڵی پەرلەمان.
یادگار مەحموود، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەوڵێکی زۆر ھەیە بۆ ڕاستکردنەوەی ماددەکانی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان لەنێو پرۆژەبودجە، بەپێی ئەو دەستکارییەی کراوە پێچەوانەی دەستوور و ڕێککەوتنی سیاسییە، ھەتا پێچەوانەی کارنامەی حکوومەتی سوودانییە، ھەر ئەوەیش وای کردوە ئێستا سوودانیش ھاتووەتە سەر خەت و لە ڕێگەی ڕاوێژکاری سیاسییەوە سوودانی پێی وایە، دەستکاریی بودجە بەئەنقەست دەکرێت بۆ تێکدانی پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی: "ئەگەر بێت و پرۆژەیاسای بودجە بەو شێوەیەی ئێستا ھەیە تێ پەڕێت، ئەوە پارتی ھەڵوێستی دەبێت و ھەر ھەڵوێستێکی پارتی کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق دروست دەکات.''
یادگار مەحموود ڕوونی کردەوە: ھەر بڕیار و پرۆژەیەک لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان بێت، پارتی ھیچ کات دژی نەبووە، بەڵام گۆڕینی دوو ماددەی نێو پرۆژەیاسای بودجە پێچەوانەی دەستووری عێراقیشە، چونکە بەپێی بڕیارێکی دادگای فیدراڵی لە ساڵی 2017 ھیچ لیژنەیەکی پەرلەمانی دەسەڵاتی گۆڕینی ماددەی پرۆژەیاسایەکی نییە کە لە حکوومەتەوە دەچێتە پەرلەمان، خۆم وەک پەرلەمانتار باوەڕ ناکەم بودجە وەک ئەوەی دەستکاری کراوە بێتە پەرلەمان و بخرێتە دەنگدانەوە.''
قائید میرۆ




