شاندێکی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیە سەردانی وڵاتی ئێران دەکات
_(1)__2023_05_28_h16m37s12__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ئاشکرای کرد، بڕیارە لەم هەفتەیە شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی ئێران بکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی زیادکردنی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، عەبدوڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیارە ئەم هەفتەیە ڕۆژی چوارشەممە شاندێکی هەرێمی کوردستان کە پێک هاتووە لە پارێزگاری هەرچوار پارێزگای هەرێم و سەرپەرشتیاری هەرچوار ئیدارەی سەربەخۆی هەرێم و سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگاکانی هەرێم و بەڕێوەبەری خاڵە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخان و حاجی ئۆمەران سەردانی ئێران بکەن، لەم سەردانەدا شاندی هەرێم لەگەڵ پارێزگاکانی کرماشان و سنە و ئورمیە و تەبرێز کۆ دەبنەوە.
عەبدوڵا ئاکرەیی گوتیشی: مەبەست لەو سەردانەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندیی هەردوولا و سنوورەکان، بۆ ئەوەی هەموو ئاسانکاری بکرێت بۆ زیادکردنی قەبارەی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کە ئێستا قەبارەی بازرگانی لە نێوان هەردوولا دەگاتە نزیکەی چوار ملیار دۆلاری ساڵانە.
بڵند ئیبراهیم




