٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەریوان دزەیی: پارتی دژی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە نییە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، پارتی بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نابێت بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا و دەشڵێ، ئێمە دژی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە نین ھەندێ لایەن تەنیا موزایەدە بە مووچەوە دەکەن.

مەریوان دزەیی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی بەشێکە لە ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، کاتێک بەرنامەی ئیدارەی دەوڵەت دانرا ھاتە پەرلەمان و بەرنامەکە دەنگی لەسەر درا، ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدراڵ گەیشتنە ڕێککەوتن لەبارەی پشکی ھەرێم لەناو پرۆژەیاسای بودجە و بابەتی نەوت و غاز، ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و لەناو پرۆژەیاسای بودجە ڕەنگ دەداتەوە، بە دەستکاریکردنی ئەو ماددانە دژی ھەرێمی کوردستان کێشە دروست بووە.''

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: "ئێستا دانوستان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و لایەنە عێراقییەکان ھەیە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان، پارتی قەبووڵ ناکەت بە ھیچ شێوەیەک دەستکاریی پشکی ھەرێمی کوردستان بکرێت و ھەرێمی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، کۆبوونەوەکان بەردەوامییان دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.''

مەریوان دزەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پێویستە لیژنەی دارایی ڕاپۆرتی خۆی ئامادە بکات و دواتر پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت و ھێشتا پرۆسەکە زۆری ماوە، لەبەر ئەوەیش پێشبینی دەکەین ئەو کێشانەی بۆ پشکی ھەرێمی کوردستان دروست کراون، چارەسەر بکرێن.''

لەبارەی پڕۆپاگەندەی ھەندێ لایەن گوایە پارتی دژی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانە، مەریوان دزەیی گوتی: "ئێمە وەک پارتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دژی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران نین، بەڵام پێویستە پارە بۆ ئەو 10%ـە دیاری بکرێت، بەبێ دیاریکردنی پارە بۆ گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە تەنیا حوبری سەر وەرەقەیە، ئێمە تەنیا دژی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستانین، نەک گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە، ھەندێ لایەن تەنیا موزایەدەی سیاسی دەکەن و دەیانەوێ وا پێشانی خەڵکی کوردستان بدەن تەنیا ئەوانن بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار