نوێنه‌ری پێشووی یه‌كێتی له تاران: ئه‌و دوو په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی كارێكی خراپیان كرد

هەولێر -KDP.info- نوێنه‌ری پێشووی یه‌كێتی له تاران و په‌رله‌مانتاری خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌ر شتێك دژی هه‌رێمی كوردستان بێت، ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه، ناكرێت به عه‌قڵییه‌تی پارێزگاكانی خوارووی عێراق مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كوردستان بكرێت.
محه‌مه‌د ڕه‌فعه‌ت، نوێنه‌ری پێشووی یه‌كێتی له تاران و په‌رله‌مانتاری خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''هه‌ر بڕیارێك دژی قه‌واره‌ی كوردستان و نه‌مانی قه‌واره‌ی كوردستان بێت، ده‌بێ دژی بوه‌ستینه‌وه و ناكرێت به عه‌قڵیه‌تی ئیداره‌ی پارێزگایه‌ك له خوارووی عێراق ته‌ماشای كوردستان بكرێت، ئه‌وه‌ی له لێژنه‌ی داراییی په‌رله‌مانی عێراق ڕووی دا، به‌ره‌و ئه‌وه ده‌مانبات كه سیسته‌می پارێزگاكان جێبه‌جێ بكرێت، كه ئه‌مه‌ش كرا هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ڕۆڵه‌ی نامێنێت و وه‌ك پارێزگای دیاله سه‌یری ده‌كرێت، ئه‌ی ئه‌و خه‌بات و قوربانیدانه‌مان بۆچی كرد؟''
گوتیشی: ''له‌مێژه كار بۆ له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی كوردستان ده‌كرێت و ئیستا خه‌ریكه له‌ناومان ده‌به‌ن، بۆیه داواكارم به یه‌ك ده‌ست هه‌ڵسینه‌وه و ئه‌م گۆڕانكارییه قبووڵ نه‌كه‌ین له پرۆژه بودجه ڕووی داوه.''
دەربارەی واژووكردنی دوو په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له گۆڕانكاریی پرۆژه‌كه گوتی: "من نازانم ئه‌و دوو په‌رله‌مانتاره پێیان كراوه، یان خۆیان كردوویانه، ده‌بێت خۆیان به‌رپرسیاره‌تی هه‌ڵبگرن و هه‌ردووكیان هه‌رێم كه‌مال ئاغا و د. نه‌رمین مه‌عروف كارێكی خراپیان كرد و ده‌بێت په‌شیمان ببنه‌وه.''




