وەزارەتی پەروەردە: بۆ جێبەجێکردنی یاسای پەروەردە ڕێنمایی دەر دەکەین

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، لە ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەست بە جێبەجێکردنی یاسای پەروەردە دەکرێت کە خاڵی زۆر گرنگی بۆ پەروەردە تێدایە و کەرتی پەروەردە زۆر بەباشی ڕێک دەخاتەوە، بۆیە ئێمەش ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەر دەکەین بۆ ئەوەی بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
دکتۆر سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای پەسەندکردنی یاسای پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان و ئیمزاکردنی لەلایەن سەرۆکی هەرێم و بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستاندا لەساڵی داهاتوو لە دەستپێکی خوێندندا دەست بە جێبەجێکردنی یاساکە دەکرێت و لەژێر ڕۆشناییی یاساکەدا ئێمە ڕێنمایی دەر دەکەین و ناتوانین یەک وشە بگۆڕین و پێویستە وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت.''
دکتۆر سەیوان فەرەج گوتیشی: یاساکە لە 181 ماددە پێک دێت، زۆر گرنگە و گۆڕانکاریی باش لە کەرتی پەروەردە دەکات، لە وەرگرتنی قوتابیان و دەوام و مووچەی مامۆستا و شتی زۆر باشی تێدایە، بۆیە کەرتی پەروەردە زۆر بەباشی ڕێک دەخاتەوە، ئەگەر یاساکە جێبەجێ بکرێت، چونکە یاسایەکی زۆر باشە و لە خزمەتی پەروەردەدایە، بۆیە ئێمەش دەست بە دەرکردنی ڕێنمایی دەکەین بۆ ئەوەی ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت.
بڵند ئیبراهیم




