٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌یامێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە بارەی دەستکاریکردن و گۆڕانکاری لە ماددەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقەوە، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: به‌ نیگه‌رانییه‌كى قووڵه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانین. 

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

به‌ نیگه‌رانییه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ ده‌ستكارى و گۆڕانكارى له‌و بڕگانه‌ى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى عێراق ده‌ڕوانین كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌یه و یه‌كجارى ڕه‌تیان ده‌كه‌ینه‌وه‌‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌ دروستكردنى به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م پرۆژه‌یاساى بودجه‌ كه‌ هه‌موو عێراقییه‌كان به‌ ئومێده‌وه‌ چاویان لێیه‌ بۆ ماوه‌ى سێ ساڵى داهاتوو په‌سه‌ند بكرێت.

پابه‌ندى به‌ ڕێككه‌وتنى سیاسیى هاوپه‌یمانیى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ته‌وه‌، بنه‌ماى ئارامى و سه‌قامگیریى سیاسیى عێراق و هه‌نگاوى دروسته‌ به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ وڵات و ته‌واوى پێكهاته‌كانى. بازدان به‌سه‌ر لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتنه‌كاندا و هه‌وڵدان بۆ پێشێلكردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، مامه‌ڵه‌یه‌كى ته‌واو ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسیاریه‌تیى نیشتمانیدا و جگه‌ له نائومێدى و ئاڵۆزكردنى سه‌قامگیریى دۆخى سیاسیى وڵات، هیچى دیكه‌ى ‌لێناكه‌وێته‌وه‌ و زیان به‌ ته‌واوى عێراق ده‌گه‌یه‌نێت.

ڕابردوو و ئه‌زموونه‌كان سه‌لماندوویانه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ لۆژیكى هێز و زۆرینه‌ و كه‌مینه و پێشێلكردنى ماف و شایسته‌كانى پێكهاته‌كانى عێراق‌، هیچ كاتێك ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ وڵات نه‌هێناوه‌ و ناهێنێت، بۆیه‌ داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك و به‌تایبه‌تى لایه‌نه‌كانى هاوپه‌یمانیى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ین، پابه‌ندى ڕێككه‌وتنه‌كان بن و هه‌موومان له‌ ئاستى به‌رپرسیاریه‌تیدا ڕه‌فتار بكه‌ین، لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانیش ده‌بێ یه‌كڕیز و ته‌با به‌رگرى له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانمان بكه‌ن.

دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ئاماده‌ى چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كانه‌ و ئه‌زموونى چه‌ند مانگى ڕابردووى پێكه‌وه‌كاركردن و لێكگه‌یشتن و ته‌بایى له‌نێوان هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كاندا و كاركردن به‌ ڕێككه‌وتنى پێكهێنانى حكوومه‌تى فیدراڵى، مایه‌ى خۆشحاڵیى گه‌لى عێراق و دۆسته‌كانى بوو، بۆیه‌ ده‌بێ بره‌و به‌و ئاراسته‌یه‌ بدرێت و ڕێگه‌ نه‌درێت كه‌سانێك ببنه‌ هۆى به‌لاڕێدابردنى ڕێككه‌وتنه‌كان و ئاڵۆزكردنى دۆخه‌كه‌.

 

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2023/5/26

 

هەواڵی پەیوەندیدار