هەڵەبجە: دەیان منداڵ ون بوون و نەدۆزراونەتەوە

هەڵەبجە - KDP.nfo - ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی ونبووانە, لە کوردستان بەهۆی تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق سەدان منداڵی ونبوو هەیە، تەنیا لە پارێزگای هەڵەبجە، چەندین خێزان چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی دەیان منداڵی ونبویانن.
شەونم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، 74 خێزان لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، 211 منداڵیان لێ ونبووە، هاوکات 7 منداڵ لە وڵاتی ئێرانەوە پەیوەندییان پێوەکردوون و دەڵێن، خەڵکی هەڵەبجەین و منداڵی ونبووی ڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجەین.
ناوبراو بە نیگەرانییەوە باسی لە نەبوونی بودجە و سەنتەرێکی تایبەتی پێشکەوتووی تایبەت بە پشکنین و دۆزینەوەی ڕەچەڵەکی منداڵەکان کرد، کە نەیانتوانیوە بیانهێننەوە، هەر بۆیەشە داوای دامەزراندنی وەها سەنتەرێک دەکات.
سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، ئەوەشی خستەڕوو، کە حکومەتی عێراقی میراتگری حکومەتی پێشووە، بۆیە بە ئەرکی ئەم حکومەتەی زانی قەرەبووی ماددی و مەعنەوی هەڵەبجەییەکان بکاتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی نەناوە.
جێی باسە، پێیوابوو کە بە نووسراوی فەرمیی، داوا لە حکومەتی ئێران بکرێت، ئەو منداڵانەی لە کیمیابارانی هەڵەبجە ڕۆشتوونەتە ئەو وڵاتە، چارەنووسیان بە مردن، یا زیندوویی بۆیان بنێرن، تا لە داتای خۆیان تۆماریان بکەن، هاوکات ئەوانەشی چاوەڕێی منداڵەکانیان دەکەن، ئەگەر لە ژیاندا نەماون، لە چاوەڕوانیدا نەمێننەوە.
عەزیز ڕەسووڵ




