٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھیوا عەلی: ڕۆژمێری کشتوکاڵ بۆ قەدەغەکردنی ھەندێ بەرھەم جێبەجێ دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوردەکردنی بەرھەمی خەیاری قەدەغە کرد و گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێ، چەندین بەرھەمی دیکەی کشتوکاڵ قەدەغە دەکرێن لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان.

 

ھیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ ڕۆژمێری کشتوکاڵیمان ھەیە و بەپێی ئەو ڕۆژمێرە ساڵانە لە کاتی پێگەیشتنی ھەر بەرھەمێکی ناوخۆییی ھەرێمی کوردستاندا ھاوردەکردنی ئەو بەرھەمە قەدەغە دەکرێت، یان باجی زیاتری دەخرێتە سەر.''

 

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر جێبەجێکردنی ڕۆژمێری کشتوکاڵی بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ وەک پاڵپشتییەک بۆ جووتیاران تا بەرھەمی خۆماڵی لە بازاڕ ساخ بکرێتەوە.''

 

ھیوا عەلی ڕوونی کردەوە: "دانانی ڕۆژمێری کشتوکاڵی سوودی زۆری بۆ کەرتی کشتوکاڵ و جووتیاران ھەیە، چونکە لەو ڕۆژمێرەدا دیاری کراوە کەی چ بەرھەمێکی ناوخۆ پێ دەگات و لە بەرانبەردا بەرھەمی بیانی قەدەغە دەکرێت، ئەوەیش کاریگەریی ھەیە لەسەر بازاڕ و فرۆشی بەرھەمی جووتیارانی ناوخۆ لە بازاڕدا.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار