عه‌لی گه‌ڵاڵی: به‌نداوسازی و كەناڵكێشیی ئا‌و له‌گه‌ڵ سیسته‌می دڵۆپاندن بناغه‌ی گرنگی ئاودێریی كشتوكاڵین

هه‌ولێر -KDP.info- پسپۆڕێكی بواری سیستە‌می ئاودێری و جۆریی ڕووه‌كه‌كان پێی وایه كه گۆڕانكارییه‌كانی 25 ساڵی ڕابردووی كه‌ش و ئا‌و و هه‌وا له ناوچه‌كه و كوردستان بووەته هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێ ناوچه‌ی مسۆگه‌ر و نیمچه‌مسۆگه‌ری باران له كوردستان ناچار ببن كه پشت به ئاوی سه‌ر زه‌وی و به‌تایبه‌تی ژێر زه‌وی ببه‌ستن بۆ سیسته‌می ئاودێری و ئه‌مه‌ش وای كردووه، بیرێكی زۆر به شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی لێ دراون كه مه‌ترسییە بۆ سه‌ر ئاوی ژێر زه‌ویی كوردستان و پێویسته جگه له سه‌دسازی، كه‌ناڵكێشیی ئا‌و هه‌بێت بۆ ئاودێری، تاوه‌كوو كه‌مترین ئا‌و به‌فیڕۆ بچێت و سیسته‌می دڵۆپاندن ئاوی كه‌متر ده‌وێ له سیسته‌مه‌كانی تری ئاودێری.
دكتۆر عه‌لی مه‌لا گه‌ڵاڵی، مامۆستای كۆلێجی زانسته ئه‌ندازیارییه كشتوكاڵییه‌كان له بواری هه‌مه‌جۆریی ڕووه‌كی، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهان له ساڵی 1998-وە به دیاریكراوی تا ئێستا ڕوویان داوه، بێگومان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئێمه هه‌بووه، ئێمه له كوردستان سێ ناوچه‌مان هه‌یه، ناوچه‌كانی بارانی مسۆگه‌ر و نیمچه‌مسۆگه‌ر و ئه‌و ناوچانه‌ی كه پشت به ئاوی باران نابه‌ستن. بۆ نموونه، له‌سه‌ر ناوچه‌ی بارانی نیمچەمسۆگه‌ر قسه بكه‌ین له ده‌روبه‌ری هه‌ولێر ده‌توانین ناوی ده‌شته‌كانی قه‌راج و شه‌مامك و كه‌ندیناوه و ناوچه‌ی زراره‌تی و بێستانه بێنین كه ئه‌مانه هه‌موویان پێشتر له زیمنی ناوچه‌ی بارانی نیمچه‌مسۆگه‌ر ده‌هاتن، به‌ڵام به‌هۆی گۆڕانی كه‌ش و ئا‌و و هه‌واوه ئێستا جووتیاری كورد ناتوانێ پشت به بارانی نیمچه‌مسۆگه‌ر له‌و ناوچانه ببه‌ستێ، یان ده‌شته‌كانی هه‌ریر و شاره‌زوور پێشتر به‌ته‌واوی پشتیان به باران دەبەست، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانكارییه له 25 ساڵی دواییدا هاتووه‌ته ئاراوه، ئێستا ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی گۆڕیوه، ئه‌م دۆخه وای له جووتیاری كورد و شاره‌زایانی بواری ئاوه‌ڕۆ كردووه بیر له شێوازی نوێی به‌كارهێنانی بكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه حكوومه‌تی هه‌رێم له ڕێگای وه‌زراره‌تی كشتوكاڵه‌وه ڕێنمایی ده‌ر بكات له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌كارهێنانی ئا‌و، به‌پێی داتاكانی میترۆلۆجیكاڵ پێشبینی بكرێت و پلانی نوێ بۆ پرۆسه‌كه ساڵانه دابنرێت، چونكه هه‌ر پلانێك كه حكوومه‌ت دایده‌رێژێ له‌سه‌ر ئه‌ساسی چۆنیه‌تیی به‌كارهێنانی ئاوه له ڕێگای جۆراوجۆر كه ده‌بێت كه‌متر ئا‌و به‌فیڕۆ بدات.''
دكتۆر عه‌لی گه‌ڵاڵی سه‌باره‌ت به پێویستیی گۆڕانكاری له سیسته‌می ئاودێری له كوردستان و گۆڕانكاریی ڕووه‌كی گوتی: "ده‌بێ ئه‌وه بزانین پرۆژه‌كانی ئاودێری په‌یوه‌ستن و پشتبه‌ستن به ئاستی گلدانه‌وه‌ی ئا‌و و ئاستی ئا‌و و پێویسته ڕێنمایی بدرێته جووتیاران كه ئه‌و ڕووه‌ك و دارانه بچێنن وا كه‌مترین ڕێژه‌ی ئاویان ده‌وێت، هه‌روه‌ها پێویستمان به سیسته‌می نوێی ئاودێرییه له كوردستان، چونكه ئه‌و ئاودێرییه‌ی كه له كۆندا له كوردستان ده‌كرا، به‌تایبه‌تی جۆگه‌ی خاكی، ئه‌وه ئاوی زۆر ون ده‌كات، به‌خۆشییه‌وه سیسته‌می گواستنه‌وه‌ی ئا‌و له هه‌ولێر پێشكه‌وتنێكی باشی به خۆیه‌وه بینیوه و تا ڕاده‌یه‌ك سیسته‌مێكی مۆدێرنی هه‌یه و جووتیاره‌كان پشت به ئاوی سه‌ر زه‌وی ده‌به‌ستن بۆ پرۆسه‌ی ئاودێری و به‌شێك له جووتیارانیش خۆیان ده‌سته‌به‌ری ئه‌و كه‌ره‌سته ته‌كنه‌لۆجییانه‌یان كردووه بۆ سیسته‌می ئاودێری و یه‌كسه‌ر ده‌ست به ئاودانی ده‌ستكرد ده‌كه‌ن بۆ ئاودێری، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا به‌داخه‌وه ئێمه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌مان هه‌یه، ئه‌ویش لێدانی بیره به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو و هه‌ڕه‌مه‌كی كه زیانی قه‌ره‌بوونه‌كراو به ئاوی ژێر زه‌وی ده‌گه‌یه‌نێ و گرفتێكی ترمان هه‌یه له بابه‌تی ئاودێریدا كه ئه‌ویش كه‌میی كه‌ناڵی ئاوه و كه‌ناڵی ئا‌و كه‌متر ئا‌و تێیدا به‌فیڕۆ ده‌چێت له پرۆسه‌ی ئاودێریدا و هیوادارین كاری زۆر له‌سه‌ر بكرێت.''
سه‌باره‌ت به پلانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دروستكردنی پۆند و به‌نداوه‌كان دكتۆر عه‌لی گوتیشی: "دروستكردنی به‌نداوه‌كان ڕێگاچاره‌یه‌كی سه‌ره‌كییه بۆ گلدانه‌وەی ئا‌و و ڕێگری له به‌فیڕۆدانی، ناهێڵێ ئاوی باران به‌فیڕۆ بچێت، چونكه به‌نداو و پۆنده‌كانی ئا‌و چاره‌سه‌رێكی باشن بۆ یارمه‌تیدانی فراونكردنی سیسته‌می ئاودێری و كشتوكاڵ و فراوانكردن و فره‌چه‌شنیی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه به‌راوییه‌كان. ڕاسته زه‌ویی دێمه‌كار ماوه، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵك وه‌ك ڕابردوو پشتی پێ نابه‌ستێ و زیاتر پشت به زه‌وییه به‌راوه‌كان ده‌به‌ستن، بۆیه به‌نداوسازی و پۆندسازی كه حكوومه‌تی هه‌رێم ته‌ركیزی له‌سه‌ریه‌تی پێویسته فراوانتر و ستراتیژیتر كاری له‌سه‌ر بكرێت.''
دكتۆر گه‌ڵاڵی ڕوونیشی كرده‌وه: سیسته‌می ئاودانی ئه‌و دانه‌وێڵانه‌ی وه‌ك گه‌نم و جۆ و گه‌نمه‌شامین، به ده‌روو و په‌ڵه ده‌كرێن كه ئاوی زۆر ده‌وێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری لایه‌نی ڕه‌زگه‌ریی ئاودێری بكه‌ین، ئه‌وانه به سیسته‌می دڵۆپاندنه، ئه‌م شێوازە له‌وانه‌یه له سه‌ره‌تادا تێچوویه‌كی هه‌بێت، به‌ڵام به كه‌مترین ئا‌و ده‌توانی زۆرترین دار ئا‌و بده‌یت له به‌روبوومی میوه‌كاندا، به‌تایبه‌تی ئێستا ده‌بینین شووتیتش دەکرێ به دڵۆپاندن ئا‌و بدرێت.''
دكتۆر عه‌لی گوتیشی: "ئێمه ده‌بێ به‌دوای ئه‌و دار و دره‌ختانه‌وه بین بۆ چاندن و به‌رهه‌مهێنان كه به‌رگه‌ی گه‌رما و كه‌میی ئا‌و ده‌گرن و ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندیی ناوچه‌كان بگونجێن و توێژینه‌وه و هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت له نێوان كۆلێجه‌كانی كشتوكاڵ و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و كشتوكاڵ و پلاندانان بۆ پلاندانانی ساڵانه، چونكه پلانی درێژخایه‌ن ناكرێ له‌سه‌ر پلاندانانی ساڵانه ته‌تبیق بكرێت به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كان، ئێمه له كوردستان ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ئاومان هه‌یه كه پێویسته به‌رده‌وام له‌سه‌ر بابه‌ته گشتییه‌كان بڵاوكراوه‌ی هه‌بێت بۆ ڕای گشتی و هه‌روه‌ها زانكۆكان پێویسته توێژینه‌وه زانستییه‌كان و پرۆپۆزه‌ڵی پلانه‌كانیان بخه‌نه ڕوو، سه‌باره‌ت به سیسته‌می ئاودێریی پێشكه‌وتوو له كوردستان و پێویسته كه پرۆسه‌ی ڕۆشنبیریی كشتوكاڵی جووتیارانی كوردستان هه‌بێت بۆ به‌ره‌وپێشبردنی كه‌ره‌سته‌ی گونجاو له‌پێناو به‌كارهێنانی ئا‌و و كه‌مترین ئا‌و به‌فیڕۆ بچێت.''
سه‌ڵاح جه‌لال




