پەرلەمانتارێکی پارتی: دەرگای دانوستان لە نێوان پارتی و یەکێتی دانەخراوە

هەولێر -KDP.info- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە، ھێشتا دەرگای دانوستان لە نێوان پارتی و یەکێتی دانەخراوە و دەڵێت، پێویستە پەلە بکرێت بۆ ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردن.
خەدیجە عومەر مزووری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مەبەست لە بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و ھیچ بەھانایەکیش نەبووە بۆ دواخستنی کۆبوونەی پەرلەمان، لەبەر ئەوەش جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی ھەیە بڕیار لەبارەی دانیشتنی پەرلەمانەوە بدات.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "دەرگای دانوستان لە نێوان پارتی و یەکێتی دانەخراوە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردن نەھێڵ تاکوو بگەنە ڕێککەوتن دەربارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.''
خەدیجە عومەر مزووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەرکی ھەموو لایەنە سیاسییەکانە کار بۆ ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردن بکەن، چونکە کات دەڕوات و پێویستە پەلە بکرێت بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، پێم وایە ھەر دەبێت بگەینە ڕێککەوتن و پێویستی بە لێکتێگەیشتنە لە نێوان پارتی و یەکێتی و ئێستا کۆمسیۆن کارا بووە و دەتوانن دەست بە ئامادەکارییەکان بکەن.''
قائید میرۆ




