٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی ئاکرێ 70%ی تەواو بووە

سەرچاوە: KDP.info

ئاکرێ -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ گوتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی داوە بۆ تەواوکردنی پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی ئاکرێ، کە بە گوژمەی 110 ملیار دینار لە بواری جێبەجێکردندایە و ڕێژەی تەواوبوونیشی گەیشتووەتە 70%، بۆیە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە بۆ ئێمە زۆر گرنگە.

ئەندازیار زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ تەواوکردنی پرۆژەی ئاوی ئاکرێ کردووە، بەڵام پرۆژەکە وەکوو خواستی ئێمە بەڕێوە ناچێت و کۆمپانیای جێبەجێکاریش هەندێک گلەییی هەبوو لەبەر ئەوە گۆڕانکاری کرا لەوەی لەجیاتی بۆڕیی فەرەنسی بکرێنە ئێرانی و حکوومەت هەشت ملیار دیناری نەقدی پێ دان و دواتر داوای لێخۆشبوونی گومرگیان کرد لە هاوردەکردنی بۆڕی ئەویشیان بۆ جێبەجێ کرا و دواتر داوایان کرد ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە بۆڕی هاوردە بکەن، ئەویشیان بۆ کرا بۆ ئەوەی لە ماوەی 14 مانگ پرۆژەکە تەواو بکەن، بەڵام وەکوو پێویست هەنگاوی کردارییان نەناوە، بۆیە سەرۆکی حکوومەتیش باسی لەوە کرد ئەگەر کۆمپانیا پابەندی کارەکە نەبێت وەکوو خۆی ڕەنگە بڕیاری دیکە بدرێت، چونکە کۆمپانیا بەردەوام بیانوو دەگرێت و داوایان کرد گۆڕانکاری لە بودجە بکرێت لە 89 ملیار کرا 110 ملیار، هەموو داواکارییەکی کۆمپانیا جێبەجێ کراوە، بۆیە ئەگەر پرۆژەکە جێبەجێ نەکرێ، بڕیاری دیکە دەدرێت، هەر بۆیە جارێ سولفەیان ڕاگیراوە بەهۆی کارنەکردنیان وەکوو پێویست، کە خۆی 70%ی تەواو بووە، لەبەر ئەوەی کاری کارەبا و80%ی کاری میکانیکی و کارەکانی دیکە تەواو بوون، ئەوەی ماوە دانانی بۆڕییە کە دەکاتە نزیکەی 40%ی پرۆژەکە، بۆیە ئەگەر بۆڕییەکان بێنن و دانێن ڕێژەی تەواوکردنی پرۆژەکە دەگاتە نزیکەی 90%..''

ئەندازیار زرار ئەحمەد گوتیشی: لە کۆی نزیکەی 110 ملیار دینار 54 ملیار و500 ملیۆن دیناریان بۆ خەرج کراوە، لەبەر ئەوەی پرۆژەکە زۆر گەورەیە کە 18 گوند لێی سوودمەند دەبن و 21 گوندیش پێشنیاز کراوە سوودی لێ وەرگرن لەگەڵ سەنتەری قەزای ئاکرێ و سەنتەری ناحیەی بجیل لێی سودمەند دەبن، بۆیە تەواوکردنی پرۆژەکە بەردەوامە و کاری تێدا دەکرێت و بەپێی گرێبەستەکە ئەمساڵ تەواو دەکرێت، چونکە هەموو ئاسانکارییەک بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە کراوە تاکوو تەواو بکرێت.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار