پلانی سێ ساڵەی پڕۆژەکانی دھۆک ئامادە دەکرێت

دهۆک -KDP.info- لە پارێزگای دھۆک پلانی ستراتیژیی سێ ساڵە بۆ پڕۆژەکانی دھۆک دادەنرێت و سکرتێری ڕۆژنامەوانیی پارێزگاری دھۆکیش دەڵێت، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە خۆ دەگرێت بۆ پارێزگای دھۆک.
میللەت عسمەت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی پارێزگاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ سێشەممە لە دیوانی پارێزگای دھۆک بە سەرپەرشتیی عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو و تێیدا پلانی ستراتیژیی سێ ساڵی داھاتوو تاوتوێ کرا.''
سکرتێری ڕۆژنامەوانیی پارێزگاری دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''پلانی سێ ساڵی داھاتووی پارێزگای دھۆک چەندین پڕۆژە لە خۆ دەگرێت و بەشێک لەو پڕۆژانە ستراتیژین بۆ پارێزگای دھۆک.''
میللەت عسمەت گوتیشی: ''پارێزگاری دھۆک و جێگرەکەی ڕێنماییی ئامادەکردنی پلانی سێ ساڵەی خستە ڕوو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بڕیارە بە بەرنامەیەکی ڕێکوپێک کار لەسەر ئامادەکردنی پلانی سێ ساڵەی پارێزگای دھۆک بکرێت بۆ زیاتر خزمەتکردنی دانیشتووانی پارێزگای دھۆک و بەڕێوەچوونی پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر''.
قائید میرۆ




