بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین: گۆڕانکاری دەکەین و گرنگی بە گەنجان دەدەین لەپێناو خزمەتی زیاتری خەڵکدا

خانەقین -KDP.info- بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی، لە سنووری لقی خانەقین گۆڕانکاری لە بەرپرسی لیژنەی ناوچەکان دەکەین و ئەم جارە گرنگی بە گەنج و خوێنی تازە دەدەین، لەپێناو ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و ڕێکخستنەکانی پارتییش لەو دەڤەرە بەهێزتر بکەین، بۆیە بەرنامەمان داناوە و لە ماوەیەکی نزیکدا گۆڕانکاری دەست پێ دەکەین.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە وەکوو لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری خانەقین هەشت لیژنەی ناوچەمان هەیە و بڕیارە گۆڕانکاری لە ناوچەکان بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامەمان داناوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا گۆڕانکارییەکان ئەنجام دەدەین، کە ئەم جارە زیاتر گرنگی بە گەنج و خوێنی تازە دەدەین.
ئەکبەر حەیدەر گوتیشی: ئەم جارە ئەو کادیرانە دەکرێنە بەرپرسی ناوچەکان کە گەنج و خوێنی تازەن و بە حەماس و توانان و دەکرێنە بەرپرسی لیژنەی ناوچەکانی پارتی لە سنووری خانەقین، ئەوانەی کە هەڤاڵ و کادیری ئێمەن و ئەوانەی دیکەش کە بەرپرسیارەتییان هەیە، ئێمە سوپاسی ماندووبوونیان دەکەین، بەڵام خۆی مرۆڤ زۆر لە شوێنک بێت ئەو تاقەتەی پێشتری نامینێت لە کارکردن و گۆڕانکارییەکان وا دەکات گەرموگوڕتر بن لە کارکردن و خزمەتی زیاتر بکەن و بە حەماسەوە کار بکەن، بۆیە ئێمە لەجیاتی ئاڵوگۆڕ گۆڕانکاری دەکەین، بۆیە بەرنامەمان داناوە و گۆڕانکاری دەکەین .
حەیدەر ڕوونیشی کردەوە: گۆڕانکارییەکانی ئێمە لە لیژنەی ناوچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری لقی 15ی خانەقین لەپێناو بەهێزکردنی ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی خۆمان لەو دەڤەرەیە، چونکە ئامانجی ئێمە زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی خۆمانە.
بڵند ئیبراهیم




