کرمانج عزەت: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی یادی شۆڕشی گوڵان لە گەڵاڵە دەکرێتەوە
_(1)__2023_05_23_h15m45s7__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی لە باڵەکایەتی ئاشکرای کرد، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر و سەرکردایەتیی پارتی، یادی شۆڕشی گوڵان بکرێتەوە و دەشڵێ، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی ڕێوڕەسمی یادی 47مین ساڵوەگەڕی شۆڕشی گوڵان لە سەنتەری ناحیەی گەڵاڵە بەڕێوە دەچێت.
کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی 26ی گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی پێنجشەممەی داھاتوو بە بۆنەی 47مین ساڵوەگەڕی بەرپابوونی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز لە سنووری باڵەکایەتی ڕێوڕەسمێکی شایستە بەڕێوە دەچێت و جەماوەرێکی بەرچاوی پارتیمان لە ھەموو سنوورەکان و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی لە یادی بەرپابوونی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز دەکەن، کە 47 ساڵ بەر لە ئێستا لەلایەن پارتییەوە بەرپا کرا.''
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی شۆڕشی گوڵان لە ناحیەی گەڵاڵە دەکرێتەوە، کاتژمێر 3ی ئێوارە ڕێوڕەسمیەکە بەڕێوە دەچێت و چەندین بڕگە لە خۆ دەگرێت.''
کرمانج عزەت ڕوونی کردەوە: ''ناوچەی گەڵاڵە، پایتەختی شۆڕش بووە، لەبەر ئەوەیش یادی شۆڕشی گوڵان لە گەڵاڵە دەکرێتەوە، یەکەم تەقەی دەستپێکردنی شۆڕشی گوڵانی ھەر لە دەڤەری باڵەکایەتی بووە و تێیدا سەید عەبدوڵڵای حاجی ئۆمەرانی شەھید بوو وەک یەکەم شەھیدی شۆڕش ناوی چووە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردەوە.''
قائید میرۆ




