٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.زێدا محەمەد: ھەرێم و بەغدا دەربارەی گەنم ڕێک کەوتوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- نوێنەرێکی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، دوێنێ پلانی کشتوکاڵی عێراق و وەرگرتنی بەرھەمی جووتیارانی ھەرێم لە بەغداوە پەسەند کراوە و دەشڵێ، ھیچ جیاوازییەک لە نێوان جووتیارانی ھەرێم و بەغدا ناکرێت.

د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوێنێ وەک نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان بەشداریمان لە پەسەندکردنی پلانی کشتوکاڵی عێراق و بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کرد، لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە سەرپەرشتیی وەزیری کشتوکاڵی فیدراڵ بەڕێوە چوو، جەخت لەسەر وەرگرتنی بەرھەمی جووتیارانی ھەرێم کرایەوە بەبێ جیاوازی لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق.''

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندان لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: "ئەمساڵ 375 ھەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ھەرێم وەر دەگیرێت، بەڵام بە ھەوڵی نوێنەرانی ھەرێم بڕگەیەکی دیکە زیاد کراوە ئەگەر بێت و بەرھەمی جووتیارانی ھەرێم لە 375 ھەزار تۆن زیاتر بوو ئەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.''

د. زێدا محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە لە کاتی ڕادەستکردنی بەرھەمی گەنمی ھەرێمی کوردستان شایستەی جووتیارانی ھەرێم دوا نەکەوێت و یەکسەر دوای ڕادەستکردنی گەنم بە سایلۆ پارەی جووتیاران دابەش بکرێت، چونکە پێشبینی دەکرێت بەرھەمی ئەمساڵی گەنم لە ھەرێمی کوردستان ھەم لە ڕووی کوالێتییەوە باشتر بێت لە ساڵانی ڕابردوو، ھەم ڕێژەی بەرھەمھێنان زیاد بکات.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار