مەسروور بارزانی: بەرنامەی حکوومەت بەرنامەیەکی خزمەتگوزارییە

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکدا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە لە هەولێر رایگەیاند، داوامان لە شارەزایان و وەزارەتەکان کردووە پێوەری ستانداردی جیهانی لە پرۆژەکان هەبێت.
مەسروور بارزانی لە سەرەتای پانێڵەکەدا باسی لەوە کرد، بەرنامەی حکوومەت بەرنامەیەکی خزمەتگوزارییە، هاوکات سەبارەت بە بیناسازی لە هەرێمی کوردستان گوتی: لە بواری بیناسازیدا چەند پرەنسیپێک هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن، لەوانە نرخی یەکەی نیشتەجێبوون و پێداویستی خەڵک کە دەبێت بە شێوەیەک بێت کە خەڵک بتوانن لێی سوودمەند بن.
لەو پانێڵەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، داوایان لە وەزارەت و پسپۆڕەکانی خۆیان کردووە، ئەو ستانداردە جیهانییانەی رێگەپێدراون تەنیا ئەوانە بەرکار بن، گوتیشی: لە نووسینگەکەی خۆشم خەڵکمان هەیە کە بەدواداچوون بۆ کوالێتی باڵەخانەکان دەکەن.
یەکێکی دیکە لەو پرەنسیپانەی کە دەبێت لەڕووی بیناسازییەوە لەبەرچاو بگیرێت، سیمای شارە، کە بە گوتەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر بینا و باڵەخانەیەک لە کوردستان دروست دەکرێت پێویستە بگونجێت، گوتیشی: ئێمە دەمانەوێت کوردستان ببێتە شوێنێکی دڵگیر.
یەکێکی دیکە لەو پرەنسیپانەی سەرۆکی حکوومەت باسی کرد، کوالێتییە کە لەو بارەیەوە رایگەیاند، نابێت کەمی نرخ لەسەر حیسابی خراپی کوالێتی بێت، گوتیشی: دەبێت کوالێتی بیناسازی زۆر زۆر لەبەرچاو بگیرێت و لە ئاستێک بێت خەڵک متمانەیان پێی هەبێت و توانای بەرگری هەبێت.
مەسروور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، تەنانەت ڕووبەری سەوزاییش دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، بۆ ئەوەی تەنیا شارێکی کۆنکرێتی دروست نەکرێت، هەروەها پێویستە خزمەتگوزاری تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت لە باڵەخانەکاندا هەبێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئەو کەرەستەی لە باڵەخانەکاندا بەکاردێت، دەبێت لە کوالێتی دەرچووبێت، ئەگەر کەسێک بیەوێت فێڵ لەم جۆرە شتانەدا بکات، بەدواداچوونی یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر، مەسروور بارزانی گوتیشی: کاتێک هاووڵاتییەک دەیەوێت لە باڵەخانەیەکدا یەکەیەکی نیشتەجێبوون بکڕێت، ئێمە پێویستە ئەوەمان لەبەرچاو بێت، کە ئەو دەبێت دڵنیا بێت یەکەی نیشتەجێبوونەکەی سەلامەتە.
مەسروور بارزانی راشیگەیاند، ئەوان لە حکوومەت بەرنامەی ئەوەیان هەبووە کە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێچییان و خێزانە کەمدەرامەتەکان دروست بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بەشێکی دیکەش دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونە بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، کە بێ بەرامبەر بۆیان دەبین بکەین لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.




