ڕاگەیەندراوێك لە جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە بۆ دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ڕای گشتی
_(8)__2023_05_22_h14m18s58__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info-نووسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لەسەر دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، کە سەرۆکی پەرلەمان بە نایاسایی هەوڵی کۆتایی پێهێنانی دانیشتنەکەی داوە و بەجێیهێشتووە، هاوکات جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە بە گوێرەی بڕگەی یەکەم لە مادەی 19ی پەیڕەوی نێوخۆ، لەکاتی ئامادەنەبوونی سەرۆکی پەرلەمان سەرجەم دەسەڵاتەکانی دەدرێتە جێگرەکەی، هەروەها سەرجەم بڕیارەکانی ئەمڕۆش بە یاسایی ناوزەد دەکات.
دەقی راگەیەندراوەکە:
ڕاگەیەندراوێك لە جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە بۆ دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ڕای گشتی
بەر مەبنای دانیشتنی ئاسایی ژمارە (4)ـی ڕۆژی دووشەممە 22-5-2023 كە سەرۆكی پەرلەمان بە نایاسایی و ناپەیڕەوی هەوڵی كۆتاییپێهێنانی دا و دانیشتنەكەی بەجێهێشت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەژێر ڕۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی كە بڕگەی یەكەم لە ماددەی (19)ـی پەیڕەوی ناوخۆ پێیدراوە لە "پیادەكردنی سەرجەم دەسەڵاتەكانی سەرۆك، لەكاتی ئامادەنەبوونیدا" سەرۆكایەتی دانیشتنی ئاماژە بۆ كراوی سەرەوەی كرد و بە پشتبەستن بە بنەما پەیڕەوییەكان دانیشتنەكەی بەڕێوە برد.
بەو پێیەی كە دانیشتن دەستی پێكردبوو، نیسابی یاسایی دەستەبەر بوو، بەرنامەی كار تەواو یاسایی و پەیڕەویی بوو، بۆیە لەو كاتەدا دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان نییە كە بە لێكدانەوەی نایاسایی و ناپەیڕەوی پشت بە بڕگەی سێیەم لە ماددەی (18)ـی پەیڕەو ببەستێت و دانیشتنەكە دوا بخات. بەڵكو لەمبارەدا ئەگەر دواخستن و هەڵپەساردنێك پێویست بووایە، ئەوا بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی (48) ئەوە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی دەبوو لەگەڵ ڕەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی. بەو پێیەش كە زۆرینەی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمانی لەگەڵ بەردەوامبوونی دانیشتنەكەدا بوو، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین:
یەكەم: هەموو دەرەنجامەكانی ئەو دانیشتنە دوای بەردەوامبوونی بەهای یاسایی و پەیڕەوی خۆیان دەبێت.
دووەم: لەبەر ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان هۆڵی دانیشتن و باڵاخانەی پەرلەمانیشی بەجێهێشتبوو، بە ئامادە نەبوو هەژمار دەكرێت. بۆیە بەپێی بڕگەی (1)ـی ماددەی (19)ـی پەیڕەو و سەرجەم دەسەڵاتەكانی لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە پیادە دەكرێت و پێویستی بەهیچ تەفویزێك نییە. بۆیە هەموو نووسراوێك كە بە واژۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی دەرەنجامەكانی دانیشتنی ژمارە (4)ـی ڕێكەوت 22-5-2023 بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت هەموو بەهایەكی یاسایی هەیە.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانی
جێگری سەرۆكی پەرلەمان




