دوای نیوەڕۆی ئهمڕۆ سەرۆکی حکوومەت سەردانی ئاکرێ دەکات

ئاکرێ-KDP.info- قایمقامی قەزای ئاکرێ گوتی، ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی قەزای ئاکرێ دەکات و لەگەڵ جەماوەری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کۆدەبێتەوە و لەنزیکەوە دەیەوێت ئاگاداری دۆخی ناوچەکە بێت.
شەعبان بەرواری، قایمقامی قەزای ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی سەردانی قەزای ئاکرێ دەکات و لەو سەردانەیدا چاوی بە جەماوەری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش دەکەوێت، مەبەست لەو سەردانەشی دەیەوێت لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ھەردوو قەزا بێت".
شەعبان بەرواری گوتیشی، "لەو سەردانەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ قەزای ئاکرێ، تائێستا دیار نییە کە چ پڕۆژە و مژدەیەکی بۆ خەڵکی ھەردوو قەزاکە دەبێت، بەڵام سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاکرێ زۆر گرنگە و جێگەی خۆشحاڵی خەڵکی دەڤەرەکەیە و گرنگیدانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بە ھەردوو قەزاکە".
بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئاکرێ بکات و لەگەڵ خەڵکی ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کۆبوونەوە ئەنجامبدات.
بڵند ئیبراھیم




