٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرهەمی کارەبا بۆ چوار هەزار مێگاوات زیادی کردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەگەر هاووڵاتیان لەگەڵ حکوومەت هاوکار بن کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەبن کە ئێستا بەرهەمی کارەبا بەردەوام لە زیادبووندایە و گەیشتووەتە زیاتر لە چوار هەزار مێگاوات.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''وەزارەتی کارەبا بە بەردەوامی پارە خەرج دەکات لە ئیدارەدان و بودجەی بەکاربردن و پڕۆژەکان و کڕینی وزەی کارەبا و لە بەرامبەر ئەو کارەبایەی دەدرێتە هاوبەشەکان پێویستە پارە بدەن بۆ ئەوەی لەو پارەیە درێژە بدرێت بە پێدانی کارەبا بۆ ئەوەی بکرێتە 24 کاتژمێر، بۆیە گرنگە هاووڵاتیان هاوکارن بن و بێنە پێشەوە و پارەی کرێی کارەبا بدەن بۆ ئەوەی حکوومەت بتوانێت بەرهەمی کارەبا و کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد بکات، نەک بەوەی هاووڵاتیان ناچار بکرێن پارەی کارەبا بدەن، چونکە حکوومەت پەنای نەبردووە بۆ بڕینی کارەبا، بۆیە ئەم بابەتە دوولایەنە و پێویستە چۆن حکوومەت کارەبا دابین دەکات، هاووڵاتیانیش هاوکار بن لە پێدانی کرێی مانگانەی کارەبا.''

ئومێد ئەحمەد گوتیشی: ''ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ترلیۆنێک و300 ملیار دیناری لای خەڵکە، بۆیە ئەگەر خەڵک پارە بداتەوە، ئێمەش دەتوانین کار بکەین بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا و کاری باشی پێ دەکەین بۆ ئەوەی ئەو پلانانەی لەبەردەستدان بەگەڕ بخرێتەوە، بۆیە ئێستا بەرهەممان بۆ زیاتر لە چوار هەزار مێگاوات زیادی کردووە و جگە لەوەش، هەوڵەکان بەردەوامن لە ڕێگەی پێوەری زیرەک و فراوانکردنی تۆڕەکانی لە هێڵەکانی گواستنەوە لە وێستگەکانی گۆڕین، بۆیە بەردەوام گەشە هەیە.''

گوتیشی: ''ئەمساڵ چۆن لە وەرزی بەهار دۆخی کارەبا زۆر باش بوو، دوو کاتژمێر بەراورد بە بەهاری ڕابردوو زیادی کردووە و ئەم هاوێنەش باشتر دەبێت و لەم مانگە سەرووی 20 کاتژمێر کارەبا هەبووە، بۆیە بەردەوام هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی بەرهەم زیاد بکرێت.''

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار