مێرگەسۆر دەکرێتە پایتەختی ژینگەی کوردستان
__2023_05_21_h14m38s37__ER.jpg)
مێرگەسۆر -KDP.info- بڕیارە دیداری ئەمساڵی مێرگەسۆر تایبەت بێت بە پرسی ژینگە و پێکەوەژیان، گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ژینگەی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، ژینگەی مێرگەسۆر و بارزان زۆر پارێزراوە و نازناوی قەزای ژینگەپارێزی، یان پایتەختی ژینگەی پێ دەبەخشرێت.
ئەحمەد محەمەد، گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ژینگەی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو دیداری مێرگەسۆر بەڕێوە بچێت و دیداری ئەمساڵ تایبەتە بە پرسی ژینگە و پێکەوەژیان. لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی دیدارەکەدا دکتۆر عەبدلڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی چاکردن و پاراستنی ژینگە پانێلێکی تایبەتی دەبێت لەسەر پرسی ژینگەی ھەرێمی کوردستان.''
ئەحمەد محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پێشنیار کراوە دەڤەری مێرگەسۆر و بارزان بکرێتە ناوچەیەکی ژینگەیی، چونکە ناوچەکە زۆر پارێزراوە لە ڕووی ژینگە و سروشتەوە و دەمانەوێ ببێتە نموونە و، ئەزموونی ژینگەی بارزان و قەزای مێرگەسۆر بگوازینەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان. بەخشینی نازنازی ژینگە بە دەڤەرەکە بۆ کولتووری جوانی ناوچەکە لە پاراستنی ژینگەدا دەگەڕێتەوە.''
قائید میرۆ




