مەناف حەسەن: پێکهاتەکانی مووسڵ دەیانەوێ لەسەر لیستی پارتی کاندید بکرێن
_(1)__2023_05_20_h14m59s38__ER.jpg)
مووسڵ -KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ ئاشکرای کرد، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مووسڵ دەیانەوێ خۆیان لەسەر لیستی پارتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کاندید بکەن و دەشڵێ، ھێشتا پارتی کاندیدەکانی یەکلا نەکردووەتەوە.
مەناف حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی عێراق ئامادەکاریی دەست پێ کرد بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان خەڵکێکی زۆر لە پێکهاتە جیاوازەکانی سنووری مووسڵ دەیانەوێ خۆیان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان کاندید بکەن و ببنە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا.''
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لەو خەڵکانەی مووسڵ سەردانی بارەگاکانی پارتی کردووە و بەردەوامیش سەردانمان دەکەن و سیڤی خۆیان پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی ببنە کاندیدی پارتی لە مووسڵ، ئەو کەسانەش دەیانەوێ ببنە کاندیدی پارتی لە ھەموو پێکهاتەکانی مووسڵن.''
مەناف حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەردەوام لە ئەرکداین بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنێکی بێ کێشە بەڕێوە بچێت و زۆرترین خەڵک بەشداریی پرۆسەکە بکات، بەڵام ھێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکان و لە کاتی خۆیدا پارتی دەست بە دیاریکردنی کاندیدەکان دەکات.''
قائید میرۆ




