کچان و کوڕانی کوردستان: ئازادیى کوردستان بەرهەمی خەباتی پێشمەرگایەتیی سەرۆک بارزانی بوو

هەڵەبجە -KDP.info- کچان و کوڕانی کوردستان دەڵێن، سەرۆک بارزانی چەکی پێشمەرگایەتى دەکاتە شانى بۆ ئازادى و بەخشینى هەموو خۆشییەکانى ژیانى لەو پێناوەدا. گەلی کورد گەواهی ئەوە دەدەن، سەرۆک بارزانی ئەو سەرکردە گەورەیە کە هەمیشە پێشمەرگایەتى لە سەروو هەموو پلە و پۆستێکەوە دادەنێت.
عەلی مام ئەنوەر بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: کاتێک دوای چەند هەوڵێک لە تەمەنی 16 ساڵیدا سەرۆک بارزانی چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتی دەکاتە شانی، لەو ڕۆژەوە دیزانی پێشمەرگە بە واتای بەخشینی هەموو شتێکە لەپێناوی كوردستاندا، هەروەك خۆی چەندین جار فەرموویەتی ''لە ژیانمدا زۆر جار تووشی ڕووداوی وەها بوومە كە بەتەمای ئەوە نەبووم جاریكی تر بە زیندوویی بمێنم.'' دوای ٦١ ساڵ سەرۆک بارزانی لە قۆناغەکانی ژیانیدا سەلماندوویەتی کە بەردەوام سەرۆکێک بووە لە بەرگی پێشمەرگەدا و پێشمەرگەبوون جوانترین و پیرۆزترین ناوە بۆ خەبات و خزمەتی بارزانی بە دۆزی ڕەوای كورد.
ئاسان محەمەد، ڕۆژنامەنووس، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "گەلی کورد گەواهی ئەوە دەدەن کە سەرۆک بارزانی سیمبولی گەیشتن بە ئامانجی بەرزی کوردایەتییە. سەرۆک بارزانی 61 ساڵ بەبێ دابڕان و بەبێ ماندووبوون بەردەوامیی بە کاروانی پێشمەرگایەتی داوە، نە بۆ هیچ مەبەستێکی سیاسی و ماددی و نە بۆ هیچ ساتێکی دیاریکراو بووە بە پێشمەرگە، بەڵکوو بۆ ئامانج و هیوا و بیروباوەڕی خۆی بووە بە پێشمەرگە و بەهۆی دڵسۆزی و هەوڵە نەبڕاوەکانییەوە ئێستا بووە بە کاریزما و ڕابەری هەموو نەتەوەی کورد و هەمووان هانای بۆ دەبەن و هەر کوردێک لە هەر گۆشەیەکی ئەم دنیایە ئازار و گرفتێکی هەبێت، سەرۆک بارزانی بە خەمخۆر و ڕابەری خۆی دەزانێت.''
تاڤان بارزان، کچە چالاکی کۆمەڵى مەدەنی لە هەڵەبجە، به ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: ''پێشمەرگایەتی بۆ سەرۆک بارزانی لە سەرووی هەموو پلە و پۆستێکەوە بووە، قەترەیەک خوێنی پێشمەرگە لە هەموو ماڵ و مڵکی دنیا لای پیرۆزترە، سەرۆک بارزانی چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتیی بۆ ئەوە کردووەتە شانی تاکوو شان بە شانی سەدان هەزار پێشمەرگە سەربەخۆیی بۆ گەلی کورد بەدەست بهێنێت، هەمیشە هاوخەباتەکانی گەواهی ئەوە دەدەن کە ئامانجى سەرۆک بارزانی لەو ٦١ ساڵەی تەمەنی پێشمەرگایەتیدا بەدیهێنانى ئامانجەکانى گەلی کورد بووە و هەمیشە زوڵم و زۆرداریى ڕەت کردووەتەوە و لە خەبات بۆ ئازادى بەردەوامە.''
عەزیز رەسوڵ




