ئەو رۆژەی سەرۆک بارزانیم بینی بڕیارمدا تا مردن پێشمەرگەبم

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٦١ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ژیانی پێشمەرگایەتی سەرۆک بارزانی و جێگری سەرۆکی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵانیش دەڵێ، ھەبوونی سەرۆک بارزانی لەناو شۆڕش کاریگەری ھەبووە و لەتەمەنی ١٦ ساڵیەوە سەرۆک بارزانی لە خەبات بەردەوامە و ئەو رۆژەی چاوم بە سەرۆک بارزانی کەوت بڕیارمدا تا مردن پێشمەرگەی سەرۆک بم.
عەبدولڕەحمان مەلا رەسووڵ، جێگری بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "رۆژی بوونی سەرۆک بارزانی بە پێشمەرگە رۆژێکی گەشە بۆ پێشمەرگە و کوردستان بەگشتی، کاتێک بارزانی نەمر دەستی بە شۆڕشی ئەیلوول کرد شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو بەبێ جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی، بێگومان شۆڕش پێویستی بەھەموو بوارەکان ھەبوو لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و ھەتا ئایینی و پێکەوەژیان، سەرۆک بارزانی ھەر لە تەمەنی ١٦ ساڵیەوە پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردوو لە تەمەنێکی زوودا شان بەشانی پێشمەرگە دەستی بە خەبات کرد لەپێناو سەربەخۆیی کوردستان".
جێگری سەرۆکی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان دەشڵێت: "من لەساڵی ١٩٦٧ بۆ جاری یەکەم گەیشتمە خزمەت سەرۆک مەسعوود بارزانی لە قەسرێ، ئەوکات یاریدەدەری کادیربووم لەو کاتەی چاوم بە سەرۆک بارزانی کەوت بڕیارمدا ھەتا لەژیاندابم لەخزمەت سەرۆک بارزانی بم و لەو رۆژەوە تا ئێستاش من بەردەوامم لەخەبات".
عەبدولڕەحمان مەلا رەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "لەوکاتەی سەرۆک بارزانی دەستی بە خەبات کرد تا ئێستا بەدرێژایی ئەو مێژووە بە زۆر قۆناغی سەختدا تێپەڕین، بەڵام ئەوەی توانی ئومێد پەیدا بکات و خۆڕاگربێت لەبەردەم ھەموو ئەو پیلانانە کە لەلایەن ناحەزانی کورد و پارتیمانەوە ئەنجامدراون، پێویستە ھەموو میللەت شانازی بە سەرۆک بارزانیەوە بکات وەک سیمبۆلی شاخ و مەدەنیەت شانی داوەتە بەر ھەموو کێشەکانی میللەتەکەی".
قائید میرۆ




