٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھاوار محەمەد: سبەی پارتی و یەکێتی دەربارەی ھەڵبژاردن کۆ دەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، سبەی ھەینی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگری پەرلەمانی کوردستان دەربارەی ھەنگاوەکانی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بەڕێوە دەچێت.

 

ھاوار محەمەد، بەرپرسی یاساییی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی ھەینی پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی بەشی ھەڵبژاردن کۆ دەبنەوە و کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردنی پارتیمان و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی دەبێت لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگری پەرلەمانی کوردستان لەگەل سەرۆکی ھەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان.''

 

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "تەوەری کۆبوونەوەکە بریتییە لە تاوتوێکردنی دواھەنگاوەکانی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان. کۆبوونەوەکەش دوای بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی دێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.''

 

ھاوار محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی زنجیرە کۆبوونەوەکانی ڕابردووی نێوان ھەردوو بەشی ھەڵبژاردنی پارتی و دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتییە، بەتایبەتی دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانی کەشێکی دیکە ھاتووەتە ئاراوە بۆ گەیشتن بە چارەسەر بۆ پرسی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان.'

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار