د. ڕێبوار بابكه‌یی: پارتی هەموو کاتێك بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانی پێش هەموو بەرژەوەندییەکی تر خستووە

ئه‌ورووپا -KDP.info- له درێژه‌ی زنجیره وێبیناره‌كانی لقی 6ی ئه‌ورووپای پارتی دیموكراتی كوردستان، وێبینارێكی تایبه‌تی بۆ دكتۆر ڕێبوار بابكه‌یی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی دەرەوە و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی له په‌رله‌مانی كوردستان ڕێک خرا لەژێر ناونیشانی (ڕێكکه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێگه‌ی دیپلۆماسی و سیاسیی هه‌رێمی كوردستان).
دكتۆر ڕێبوار بابكه‌یی له وته‌كانیدا ئاماژه‌ی به بارودۆخی سیاسیی كوردستان كرد و گوتی، هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای سێ فاكته‌ری سه‌ره‌كی دروست بووە، یەکەمینیان خه‌بات و قوربانیدانی گه‌لی كوردستانە بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی، فاكته‌ری دووه‌میش یه‌كگرتنی هێز و لایه‌نه‌كانی كوردستانی بوو له به‌ره‌ی كوردستانیدا و فاكته‌ری سێیه‌میش پاڵپشتیی نێوده‌وڵه‌تی بوو بە بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و دروستكردنی نوای ئارام و دژه‌فڕین.
له به‌شێكی تری باسه‌كه‌یدا دکتۆر ڕێبوار بابكه‌یی تیشکی خستە سەر به‌شێك له گرفته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، کە هۆکارەکانیان نەبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی و ده‌ستوورێكە بۆ هەرێمی كوردستان، پێشی وابوو كه نه‌بوونی ده‌ستوور ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه گرفت لە په‌یوه‌ندیی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا دروست ببێت، چونکە ده‌ستوور په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵات و هاووڵاتیان ڕێك ده‌خات و هه‌ماهه‌نگیی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری ڕێک دەخات.
بابكه‌یی گوتیشی: به‌داخه‌وه زۆر جار زه‌مینه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و ڕۆڵی خەراپیان له نێوان هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان بەڕوونی دەبینرێت و کاریگەریی نەرێنی دروست دەکەن، له‌م سۆنگه‌یه‌شەوه بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه فره‌یی سیاسی‌یان تێدایه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تیش بن، یه‌كڕیزیی نیشتمانی گرنگه، چ بگات به‌وه‌ی كه هه‌رێمێك بن له چوارچێوه‌ی وڵاتێك كه پێشتر لەسەر دەستی ڕژێمە حوکمدارە یەك لەدوای یەکەکانی ئەو وڵاتە به توندترین شێوه ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدا کرابێت.
ناوبراو دەستپێشخەرییەکەی سەرۆك بارزانیی بە مێژوویی وەسف کرد بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد و دروستکردنی یەکدەنگی و ڕێگەگرتن لە هەڕەشە مەترسیدارەکان و گوتیشی، پێویسته یه‌كڕیزیی سیاسیی نێوان لایه‌نه‌كان بپارێزرێ و پته‌وتر بكرێت و هەموو لایەك به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری لە بانگه‌وازه‌کەی سه‌رۆك بارزانی بکات.
د. ڕێبوار هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمه وه‌ك پارتی، خۆمان به حزبێكی به‌رپرسیار ده‌زانین و زۆر جار جگه له به‌رپرسیارێتیی خۆمان، به‌رپرسیارێتیی خه‌ڵكی تریشمان هه‌ڵگرتووه، نموونه‌ش زۆرن كه ئێمه له هه‌ندێ كابینه‌ی حكوومه‌تدا به‌تایبه‌تی له كاتی قه‌یرانه‌كاندا به ته‌نیا جێ هێڵراوین و به‌رپرسیارێتیی خاك و خه‌ڵكمان به‌تاقی ته‌نیا كه‌وتووه‌ته سه‌رشان و ڕامان نه‌كردووه لێی و بە تەنیاییش ئیداره‌ی قه‌یرانه‌كانمان دا‌وه، چونکە به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیمان له پێش هه‌موو بەرژەوەندییەکی ترەوە داناوه.''
سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕەوەندیی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئێمه له‌پێناو یه‌كڕیزیی كوردستان و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی وڵات هه‌میشه ئاماده بووین و ئاماده‌ین ده‌ست له هه‌ندێك مافی سیاسی و ماددیی خۆمان هه‌ڵگرین و ئامانجی سه‌ره‌كیمان یه‌كڕیزیی سیاسییه، چونكه هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كیی له‌سه‌ره و به پەرتەوازەیی ناتوانین سه‌ركه‌وتوو بین به‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه و ئاڵنگارییانه‌دا و به یه‌كگرتوویی ده‌توانین كاریگه‌ریمان له‌سه‌ر عێراق و دنیای ده‌ره‌وه هه‌بێت و به‌رگری له مافی خه‌ڵكه‌كه‌مان بکەین."
دکتۆر ڕیبوار بابکەیی هاوکات تیشکی خستە سەر ڕەهەندەکانی هێزی هه‌رێمی كوردستان و گوتی: پێویسته گرنگی به سه‌رجه‌م سەرچاوەکانی هێز بده‌ین، لەوانەش سه‌رچاوه‌كانی داهات و وزه، یه‌كڕیزیی سیاسی، هێزی دیپلۆماسی بە هەموو لایەنەکانییەوە، بواری فه‌رهه‌نگی و پێكه‌ویژیانی كوردستان، هەروەها هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان کە پارێزگاری سەرەکییە له دەسکەوتەکانمان و لە قەوارەی هه‌رێمی كوردستان.
گوتیشی: هه‌موو ئه‌مانه له‌پێناو پاراستنی هه‌رێمی كوردستان گرنگن و ده‌بێ پته‌وتریان بكه‌ین كه دیاره ئه‌مه‌ش به یه‌كڕیزیی سیاسی له كوردستان بەهێزتر دەبن و پشتیوانیی زیاتری ده‌ره‌كیشیان لێ ده‌كرێ.
سه‌لاح جه‌لال




