٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەیلا عەبدولجەبار: پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان دەر دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرای کرد، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ دەکات و دەشڵێت، بەپێی بەدواداچوونەکانمان ئەشکەنجەدان لەناو چاکسازییەکان و ڕاگیراوان نەماوە.

لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ لە ھەرێمی کوردستان کراوە و خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتین بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت لە پەرلەمان، پرۆژەیاساکە لەبارەی ئەو کەسانەیە کە لەناو چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستانن و پێویستە مامەڵەکردنیان لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ بێت.''

ئەندامەکەی لیژنەی کۆمەڵایەتی گوتی: "ڕاستە لەسەر ئاستی گشتی باس لە ھەبوونی حاڵەتی ئەشکەنجەدان دەکرێت لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی ئێمە وەک لیژنە بە فەرمی ھیچ بەڵگەیەکمان نەکەوتووەتە بەردەست، سەردانی مەیدانی کراون و خەڵکی ناو چاکسازییەکان بینراون و بەدواداچوون بۆ بابەتی ئەشکەنجەدان کراوە.

لەیلا عەبدولجەبار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەگەر لێرە و لەوێش ھەندێ حاڵەتی ئەشکەنجەدان ھەبن ئەوە بە شێوەیەکی گشتی ئەشکەنجەدان نەماوە لەناو چاکسازییەکان و ڕاگیراوان، ھەر کەسێک بەڵگەی فەرمیی ھەبێت، دەتوانێت لە پەرلەمان و دادگا و لایەنە پەیوەندارەکان سکاڵا تۆمار بکات و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو پرۆژەیاسایە پەسەند بکرێت مافی ھەموو کەسێک پارێزراو دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و بەپێی یاسا دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.''

 

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار