٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ژووری بازرگانیی ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان کرایەوە و بڕیارە چەند کارگەیەک دامەزرێنن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، شاندی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ بوو و ژووری بازرگانیی ئەڵمانیا لە هەولێر کراوەتەوە و بڕیارە چەند کارگەیەکیش لە هەرێمی کوردستان دامەزرێنن و ئێمەش هەموو هاوکاری و ئاسانکارییان بۆ دەکەین.

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''شاندی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆیان لەگەڵ وەزیرەکان بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش کۆ ببنەوە، ئومێدەوارین هەندێک کاری باش بکەن و داوای هەندێک کاریان کردووە و ئێمەش ئامادەییمان دەربڕیوە، بەتایبەت دروستکردنی کارگە و دابینکردنی زەوی و ئێمە پێمان ڕاگەیاندوون هەرکاتێک ئێوە بڕیارتان دا، ئێمە دەست بە جێبەجێ دەکەین، بۆیە هەرچی زانیاری پێویستە ئێمە پێشکەشیان دەکەین.''

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ''هاتنی ئەو شاندەی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا زۆر گرنگ بوو و ئەنجامی باشی دەبێت و باشترین ئەنجامیش ژووری بازرگانیی ئەڵمانیا لە هەولێر کرایەوە و بارەگای خۆیان لە گولانتاوەرس دانا و هەنگاوی باشتریش جێبەجێ دەکرێت.''

شاندێکی کۆمپانیاکانی وڵاتی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە کە ژمارەیان 30 کۆمپانیایە و دوێنێش لە هەولێر دیدارێکی ئابوورییان لەگەڵ یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی هەرێم ساز کرد.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار