ئەمڕۆ 30 کۆمپانیای وڵاتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بوون
__2023_04_19_h17m47s27__HK__2023_05_17_h19m54s6__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەڕێوەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ 30 کۆمپانیای بواری جیاجیای وڵاتی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە شاری هەولێر دیدارێکی ئابووری بەڕێوە چوو و باسی ئەوە کرا کە بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا پێکەوە کار بکەن.
بەڕێوەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەسکەندەر محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''نزیکەی 30 کۆمپانیای وڵاتی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و دیدارێکی ئابووریمان لەگەڵیان ساز کرد، کە کۆمپانیاکان لە بواری نەوت و گاز و بیناسازی و جۆرەکانی دیکە پێک دەهاتن و پارێزگار و بریکاری وەزارەتی بازرگانی و جێگری کونسوڵی گشتیی وڵاتی ئەڵمانیا و سەرۆکی ژووری بازرگانیی عێراق-ئەڵمانیا بەشدار بوون و وتاریان پێشکەش کرد.''
ئەسکەندەر محەمەد گوتیشی: ''دواتر بازرگانان باسیان لە چۆنیەتیی پێشخستنی بواری بازرگانی کرد، کە کۆمپانیایەکی ئەڵمانی و یەکێکی هەرێمی کوردستان چۆن گرێبەست بکەن و پێکەوە کار بکەن، چونکە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 کۆمپانیای ئەڵمانیا هەیە و ژمارەیەک خەڵکی ئەڵمانیاش هەن کە کۆمپانیای خۆماڵییان دروست کردووە، بۆیە سەردانەکە زۆر باش و گرنگ بوو و ئەنجامێکی باشی دەبێت.''
بەپێی ئامارێکیش لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و500 کۆمپانیا هەیە، کە لەوانە 88 کۆمپانیای ئەڵمانیایە و ئاڵوگۆری بازرگانییش لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتان ساڵانە دەگاتە نزیکەی 20 ملیار دۆلار.''
بڵند ئیبراهیم




