شێروان دووبەردانی: بودجەی تایبەت بۆ ناوچە کوردستانییەکان دیاری کراوە

بەغدا -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، لەنێو پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بودجەیەکی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان دیاری کراوە و دەشڵێ، دوو سندووق دەکرێنەوە بۆ شنگال و دەشتی نەینەوا.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەنێو پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دوو جۆر بودجە بۆ پارێزگاکان دیاری کراوە، ھەم بودجەی وەبەرھێنان و هەم بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، ئەو بودجەیە لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان بۆ ھەر پارێزگایەک لەسەر قەزا و ناحیەکانی دابەش دەکرێت.''
ئەندامەکەی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان گوتی: "جگە لەو بودجەیە، بودجەیەکی تایبەتیش بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا پارەی دەخرێتە سەر، واتە دوو سندووق دانراون بۆ ناوچە کوردستانییەکان، سندووقێک بۆ شنگال و سندووقێک بۆ دەشتی نەینەوا.''
شێروان دووبەردانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەردوو سندووقەکە لەنێو پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا دانراون و لەگەڵ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە دەنگ لەسەر ئەو دوو سندووقەش دەدرێت، ئەمەیش ھەنگاوێکی باشە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.''
قائید میرۆ




