د. عەبدوڵڵا سەعید: پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ڕەنگدانەوەی ھەیە لەناو لایەنە سیاسییەکاندا

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ پەیامەکەی سەرۆک بارزانی نیشان دا و دەشڵێت، ئەم جارەش سەرۆک بارزانی گەورەییی خۆی نواند بۆ ئەوەی لایەنەکان لە ڕێگەی دانوستانی ئاشتیانەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و ئەوە ڕەنگدانەوەی ھەبووە لەناو لایەنە سیاسییەکاندا.
د. عەبدوڵڵا سەعید، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەمێک بوو چاوەڕێی ئەو ھەڵوێستەی سەرۆک بارزانی بوون، بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی لە پەرۆشیی بەڕێزیان بۆ ڕەوشی کوردستان و ئەوەی سەلماند ئاشتەوایی و تەبایی لە دیدی سەرۆک بارزانی مانایەکی بەرفراوانی ھەیە تا کێشە و گرفتەکان بە شێوەی ئاشتییانە و لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکرێن، ھەر کاتێک کورد تەبا و یەکڕیز بووە توانیویەتی ئامانج و دەستکەوتی گەورە بەدەست بێنێت.''
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی کوردستان گوتی: "دیدگا و بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ئاشتەوایی و یەکڕیزی دەگەڕێتەوە بۆ بارزانیی نەمر، چونکە بە درێژاییی تەمەنی، مەلا ستەفای بارزانی کەسێکی ئاشتیخواز بووە و لەگەڵ برایەتی و یەکڕیزی بووە لە نێوان ھەموو لایەن و پێکھاتەکان، ھەمیشە سەرۆک مەسعود بارزانی دەیەوێ لە کاتی ھەبوونی کێشە و قەیرانەکان جگە لە ئاشتی و برایەتی و یەکڕیزی پەنا بۆ ھیچ شتێک نەبەن، ئەم جارەش سەرۆک بارزانی بەو پێشنیارەی، گەورەییی خۆی سەلماند بۆ ڕەوشی ئێستای ھەرێمی کوردستان.''
د. عەبدوڵڵا سەعید ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەموو لایەنە سیاسییەکان بە کەشوھەوایەکی ئیجابی پێشوازییان لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی کرد، کۆبوونەوەی دوێنێی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی گەواھی ئەو ڕاستییەیە کە ڕەنگدانەوەی ئیجابیی لەنێو حزبەکان ھەیە بۆ پەیامەکەی سەرۆک، ئاشتی و ئاشتەوایی و لێکتێگەیشتن یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، چونکە ئایینی ئیسلام زۆر جەخت لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیان دەکاتەوە و داوا لە موسڵمانان دەکات لە کاتی ھەبوونی کێشە لە نێوانیاندا بە سینگێکی فراوانەوە پەنا بۆ ئاشتی ببەن.''
قائید میرۆ




