٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاکرەیی بۆ KDP: پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی هه‌رێم سەردانی ئێران دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، بە مەبەستی باشترکردن و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، شاندێکی ھەرێمی کوردستان کە لە سەرجەم پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان پێکھاتووە سەردانی وڵاتی ئێران دەکەن.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە لەکۆتایی ئەم مانگە ٣١ی٥ شاندێکی ھەرێمی کوردستان کە لە پارێزگاری ھەولێر، دھۆک، سلێمانی و ھەڵەبجە و سەرپەرشتیاری ھەر چوار ئیدارەی سەربەخۆ لەگەڵ بەرپرسی ھەرچوار ژووری بازرگانی، سەردانی شاری ئورمیە بکەن و لەوێ گفتووگۆ دەکرێت لەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران و سنوورەکان، ئەمەش بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕ باشتر بکرێت و ھەرچی گرفت ھەیە چارەسەر بکرێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر بکرێت".

عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: "لەو سەردانەدا ھەموو ئەو پرسانە دەخرێنە بەرباس و گفتووگۆ بۆ ئەوەی چی پێویستە و ھەر گرفتێک ھەیە چارەسەر بکرێت و ئەنجامبدرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی بتواندرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران لەرێگەی خاڵە سنووریەکان باشتر بکرێت، کە حەوت خاڵی سنووری نافەرمیی و سێ خاڵی سنووری فەرمیی ھەن".

ئاکرەیی باسی لەوەشکرد: "ئەو سەردانە زۆر گرنگە و دەتواندرێت لەو رێگەیەوە گرنگی زیاتر بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بدرێت و زیاد بکرێت، چونکە ھەردوولا ئامادەییان دەربڕیووە ئاسانکاری تەواو بکەن و ھەرچی پێویستە ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی پەرە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بدرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار