٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرواری بۆ KDP: سەرۆک بارزانی ئەو گرژیەی لەناو برد.. ھەڵبژاردن یەکلایی دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی شاندی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، کۆبوونەوەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی ھەنگاوێکی باش بوو، ھاوکات دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی شوێنی خۆی گرت و ھەنگاوێکی باش نرا، لەم چەند رۆژەش کۆبوونەوە دەکرێت و پرسی ھەڵبژاردنیش یەکلایی دەکرێتەوە، چونکە پێویستە شەش مانگ لەبەردەم کۆمسیۆن ھەبێت بۆ ئەوەی ئامادەکاری ھەڵبژاردن ئەنجامبدات.

ئەندامی شاندی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و چاودێری سیاسی، عەبدولسەلام بەرواری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بێگومان ئامانج لە دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی ئەو گرژیەی ھەبوو لەناو ببرێت و جێی خۆشحاڵییە ھەمووان بەپیر ئەو دەستپێشخەریەوە ھاتن و قەدەری پارتی و یەکێتی وایە پێکەوەبن و ئەمە یەکەم جارنییە و دوایین جاریش نیە ھەردوولایەن بەرپرسیارەتی سەرشانیان ھەڵگرن و لەھەمووی گرنگتر ئەوەیە حکوومەت وەکو پێشووتر کارابێتەوە و بەزووترین کات بگەنە رێککەوتن، ھاوکات لەم چەند رۆژەش کێشەی ھەڵبژاردن یەکلایی دەکرێتەوە، لەبەر ئەوەی کۆمسیۆن شەش مانگی بۆ ئامادەکاری ھەڵبژاردن پێویستە".

عەبدولسەلام بەرواری ئاماژە بەوەش دەکات: "لەم دوو سێ رۆژە دانیشتن دەکرێت و کۆمسیۆن کارا دەکرێتەوە و یاسای ھەڵبژاردنیش ھەموار دەکرێتەوە، چونکە بڕیاریشە لەکۆتایی ئەم مانگە دادگایی فیدڕاڵیش بڕیارێک لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان بدات، بەڵام ئەگەر رێککەوتن کرا و رێکارەکان تەواو کرا ئەوکات بڕیارەکە کۆتایی پێدێت، بۆیە لەم چەند رۆژە ئەو پرسە یەکلایی دەبێتەوە".

بەرواری باسی لەوەشکرد: "دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی شوێنی خۆی گرت و پارتی و یەکێتی پێکەوە دانیشتن و ئەو گرژییەی ھەیە لە نێوانیان دا نەمینێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار