دكتۆر بەشیر: تەواوی خەڵک و لایەنەکان باوەڕێکی تەواویان بە پەیامهکەی سەرۆک بارزانی ھەیە

ھەولێر-KDP.info- جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، پێویستە لایەنە سیاسیەکان پەیامەکەی سەرۆک بارزانی وەک خۆی جێبەجێ بکەن و دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەشڵێت، ئەگەر خوا نەخواستە بانگەواز و پەیامەکەی سەرۆک وەک خۆی جێبەجێ نەکرێت دوا رۆژێکی خراپ چاوەڕێمان دەکات.
د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لەسەر ئاستی ھەرێم و کوردستانی گەورە و عێراقیش وەک سەرۆکی حزبێکی کوردستانی سەیری سەرۆک بارزانی ناکرێت، بەڵکو پێگە و کاریگەری سەرۆک بارزانی زۆر لەوە گەورەترە وەکو رێبەرێکی نەتەوەیی و کاریگەری لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە رۆڵی گەورەی ھەیە و ھەر بەو شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لەبەر ئەوەش ئەو پەیامەی جەنابیان لە رۆژی یەکەمی کردنەوەی یادگەی بارزانی نەمر ھەڵوێستێکی پێویست بوو".
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "پێویستە ھەموو لایەنەکان پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی پەیامی سەرۆک بارزانی، چونکە میللەتی ئێمە پێویستی بە یەکڕیزی ھەیە و سیمبولێک ھەبێت ھەموویان کۆبکاتەوە و جەماوەری خەڵکی کوردستان بتوانن لەژێر چەتری دا یەکڕیزبن، ھاوکات تەواوی خەڵک و لایەنە کوردستانیەکان باوەڕێکی تەواویان بە پەیام و بانگەوازەکەی سەرۆک ھەیە، دەبێت لایەنەکان ئەو پەیامە بە ھەند وەربگرن و دەرفەتێکە بۆ لایەنەکان، ھەروەھا ئەگەر بێت و وەک پێویست مامەڵە لەگەڵ پەیامەکەی سەرۆک بارزانی نەکرێت ئەوە لەوانەیە دوا رۆژێکی خراپ چاوەڕێی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بکات ئەوکاتیش ھەموو لایەنەکان زەرەرمەند دەبن".
د. بەشیر حەداد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە ھیچ حکوومەتێک لە عێراق پێکنەھاتووە بەبێ رۆڵی سەرۆک بارزانی، ھەموو جار ھاتوون لە ھەولێر نێوەندگیری کراوە و ماوەیەکی زۆر پێکھێنانی حکوومەت دوا کەوتووە و پرۆسەی سیاسی زۆر جار گەیشتووەتە بنبەست، بەڵام بەھۆی دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی کێشەکان چارەسەرکراون، ھاوکات دوایین حکوومەتیش بینیمان حکوومەتی سودانی ساڵێک دواکەوت ئەگەر نێوەندگیری سەرۆک بارزانی نەبوایە ساڵێکی دیکەش دوا دەکەوت، ناوبراو جەختیش دەکاتەوە، ھەموو کێشەکانی عێراق لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی چارەسەر کراون و سیاسەتمەتدار و خەڵکی عێراقیش ئەو حەقیقەتە دەزانن".
قائید میرۆ




