٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مستەفا چاوڕەش بۆ KDP: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی ھەنگاوێکی زۆر باشە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت، زەمینەیەکی ھێمن و باش ھاتووەتە پێشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پەیامەکەی سەرۆک بارزانیش ھەنگاوێکی باش بوو بۆ ئەوەی لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە، بۆیە پێویستە لەسەر ھەمووان لەڕێگەی ئەو کۆبوونەوانە کێشەکان چارەسەر بکەین.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو کەشە ئارامەی ھاتۆتە ئاراوە بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە رێککەوتن لەبارەی ھەموو پرسەکان نەک تەنھا گرنگە بگرە زەروورەتە، ئێستا زەمینەیەکی لەبار و ھێمن ھاتووەتە پێشەوە بۆ ئەو خەڵکەی چاوەڕێی کاری باش دەکەن، بۆیە ئەگەر کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ئەو پرسانەی ھەڵپەسێردراون چارەسەر بکرێن خەڵک چاوی لەوەیە، لەبەر ئەوە گرنگە یەکێتی و پارتی و لایەنەکان دانیشتن بکەن و لەسەر مێزی گفتووگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن و دۆخی خەڵک باش بکەن، چونکە ھەموو خەڵک چاوی لەئەوانە و ناکرێت ململانێ بەردەوام بێت و بەھەنگاو کێشەکان چارەسەر بکەن".

مستەفا چاوڕەش گوتیشی: "گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ حکوومەت و کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی ھەنگاوێکی زۆر باشە و پێکەوە دانیشن و ئەو کێشانەی ھەن چارەسەری بکەن، چونکە ئەوەی کراوە و دەکرێت زەمینە خۆشکردنێکی باشە".

چاوڕەش لەبارەی پەیامی سەرۆک بارزانیش دەڵێت: "پەیامێکی زۆر باش بوو لەبەر ئەوە پێویستە ھەموو لایەک ھەوڵ بدەین بەم دانیشتنانە کێشەکان چارەسەر بکەین، ھەروەھا ھەموو ھەنگاوێک بۆ تەبایی و برایەتی کارێکی چاکە، بۆیە ئەو پەیامە ھەنگاوێکی باش بوو بۆ ئەوەی لایەنەکان بێنە پێشەوە و پێکەوە کۆببنەوە و کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار