سبەی شاندێکی بازرگانانی ئەڵمانیا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی ھەرێمی کوردستان گوتی، بەردەوام شاندی بازرگانی وڵاتان سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری بازرگانی، ھاوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکات، ھەروەھا دەشڵێ، دوای ھاتنی شاندێکی بازرگانی ئەمەریکاش بڕیارە سبەی شاندێکی دیکەی بازرگانی ئەڵمانیا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن.
دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھاتنی شاندە بیانیەکان بۆ ھەرێمی کوردستان سوودی زۆری بۆ ھەرێم ھەیە، بۆیە زیادبوون و ھاتنی شاندە بیانیەکان ھۆکارێکە بۆ ئەوەی باری ئابووری ھەرێمی کوردستان و بازرگانی و پەیوەندیەکانمان لەگەڵ وڵاتان بەھێز بکات، بۆیە ئێستا پەیوەندی بازرگانانی ھەرێم و وڵاتان زۆر باشە و دوایین شاند کە ھات لە ئەمەریکا بوو ئێمەش میوانداریمان کردوو ئامادەیی ھەموو کارێکمان بۆ دەربڕین کە ئاسانکاریان بۆ بکەین بۆ ئەوەی بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن".
دارا جەلیل خەیات گوتیشی: "لە بەردەوامی ھاتنی شاندە بیانیەکان سبەش شاندێکی بازرگانی وڵاتی ئەڵمانیا دوای سەردانی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم و بازرگانان و خاوەنکار کۆدەبنەوە، کە سبەی نیوەڕۆ دەگەنە ھەرێمی کوردستان، کە ژمارەیان نزیکەی 30 کەس دەبێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکات".
خەیات باسی لەوەشکرد: "ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆری شاندی بیانی ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی کاری بازرگانی و بەردەوامیش دێن، کە ئەمەش ھەنگاوێکی زۆر باشە و گرنگە بۆ ئابووری ھەرێمی کوردستان".
بڵند ئیبراھیم




