لە هەولێر پێنج هەزار داری جۆراوجۆر دەچێندرێت
.jfif__2023_05_15_h19m36s26__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و میدیای دەزگای ڕوانگە گوتی، لە پرۆژەیەکدا لە پارێزگای هەولێر چاندنی پێنج هەزار داری بەر و بێبەر دەستی پێ کردووە لەسەر ڕووبەری 26 دۆنم زەوی بە بەکارهێنانی مۆدێرنترین تەکنەلۆژیا کە چەندین جۆری دار لە خۆ دەگرێت.
گۆڤار کامیل حارس، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و میدیای دەزگای ڕوانگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هەڵمەتێکیان دەست پێ کردووە بۆ چاندنی پێنج هەزار دار بە بەکارهێنانی مۆدێرنترین تەکنەلۆژیای گرۆسیس وۆتەر بۆکس، کە ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە پرۆژەی بنیاتنانی خۆڕاگری بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکیی عێراق کە لە لەلایەن دەزگای ڕوانگەوە بە هاوبەشی لەگەڵ بەرنامەی خۆراکی جیهانی جێبەجێ دەکرێت و لەلایەن ڕێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانی کۆمەکی دارایی کراوە، پرۆژەکەش سێ قۆناغ لە خۆ دەگرێت، قۆناغی یەکەم وۆرکشۆپی بەهێزکردنی تواناکانی لە خۆ گرت کە بۆ کارمەندە حکوومییەکانی بەشەکانی کشتوکاڵ و دارستانەکان لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی ئەنجام درا و کارمەندە حکوومییەکان بەم شێوەیە زانیاریی باشتریان دەبێت لەسەر بابەتەکانی کاربۆن کردیت و بەڕێوەبردنی دارستانەکان بە شێوازی هاوچەرخ.''
گۆڤار کامیل حارس گوتیشی: ''قۆناغی دووەم کە قۆناغی ئێستایە و بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین ئەنجام دەدرێت، پێنج هەزار نەمامى بەردار و بێبەری لەسەر ڕووبەرى (26) دۆنم لە کۆلێژى کشتوکاڵى زانکۆى سەڵاحەددین بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای (گرۆسیس وۆتەربۆکس) چاندووە و سیستەمەکە بۆکسێکى تایبەتە کە ئاو تێیدا کۆ دەکرێتەوە و لە ڕێگەى ئەم بۆکسەوە بە شێوەیەکى ئابوورى و زانستى ئاو دەگات بە ڕەگى نەمامەکە و ڕێگرى دەکات لە بەفیڕۆچوون و بەهەڵمبوونی ئاوەکە، بە جۆرێک کە لە ماوەى یەک مانگدا تەنها یەک جار (15 لیتر) ئاویان پێویستە، جۆری درەختەکان هەنجیر 400 و هەناری هەڵەبجە 630 و زەیتونی ئیسپانی 630 و مزرەمەنیی عێراقی (لیمۆ و پرتەقاڵ) 1700 و سەروی عاموودی 1640.''
حارس باسی لەوەش کرد: قۆناغی سێیەم، چاندنی 30 هەزار نەمام دەبێت بە بەکارهێنانی 30 هەزار سندووقی دیکەی گرۆسیس وۆتەربۆکس لە شاری هەولێر و ئەم پرۆژەیە بەشداریی هەوڵی نەتەوەیی دەکات بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی سەوزایی بەردەوام و مەبەست لە پرۆژەکە پاراستن و چاککردنەوەی ئەو بەشە تێکچووانەی دارستانەکانە کە بەهۆی چالاکییە مرۆییەکان و کارەساتە سروشتییەکانەوە تووشی داڕمان بوون، هەروەها کار لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی دارستانەکان دەکات.''
بڵند ئیبراهیم




