جەمیل هەورامى: چاوەڕێی دەستپێشخەریى دڵسۆزانەى کاک مەسعود بارزانیمان دەکرد

هەڵەبجە -KDP.info- بەردەوام پاڵپشتى بۆ بانگەوازە دڵسۆزانەکەى سەرۆک بارزانى لە فراوانبووندایە، سەرۆکى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان دەڵێ، هەموو حزبەکان بە گوێی کاک مەسعود دەکەن و جەنابیان وەک گەورەى هەموو لایەک بێت نەک تەنها حزبێک و بۆ چارەسەرى کێشەکان هەموو حزبەکان ڕووى تێ بکەن.
جەمیل هەورامى، سەرۆکى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستان، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "دەستپێشخەرییەکەى کاک مەسعود زۆر باش بوو، خۆزگە لە چەند مانگێک پێشتر ڕاىبگەیاندایە و من هەر پێشبینی ئەوەم کردبوو، جەنابى کاک مەسعود ئەو دەستپێشخەرییە بکات، بۆ لێکنزیکردنەوەى لایەنەکان و چارەسەرکردنى کێشەکان، کاک بارزانی لە سەرۆکى حزبێک گەورەترە و گەورەى هەموو لایەک بێت، نەک تەنها پارتى و حزبەکان هەموویان ڕوى تێ بکەن و ببێتە چەترى هەموو حزبەکانی کوردستان".
هەورامى دەڵێ: "هەموو حزبەکان بە گوێی کاک مەسعود بارزانی دەکەن، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زەروورتر بوو دەستپێشخەرییەکەى، ئێمە سەردانى هەموو حزبەکانمان کرد، بە یەکێتى و پارتییەوە و داوامان لێ کردن پێکەوە دابنیشن و کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکەن، پێشبینیمان دەکرد دۆخەکە بەرەو خراپتر بڕوات، بەڵام جەنابى کاک مەسعود بارزانی ئەو دەستپێشخەرییەى کرد، زۆرمان پێ باشە و حزبەکان دابنیشن و گفتوگۆ بکەن و بزانن کێشە و گرفتەکان چییە چارەسەرى بکەن، لایەنەکان هەموو یەکگرتوو بن هیچ لە کێشەکان ناتوانێت بێتە ڕێگەمان، بە یەکێتیى کورد دەتوانین ڕووبەڕووى ئەو کێشانە ببینەوە".
گوتى: "ڕابردوو سەلماندوویەتى بەرهەمى ڕێککەوتنى یەکێتی و پارتى بە سەرکردایەتیى ڕەوانشاد کاک ئیدریس و مام جەلال بەرەى کوردستانى بوو، بەوەش لە ڕاپەڕیندا توانیمان کوردستان پاک بکەینەوە لە دوژمن و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و دامەزراندنى حکوومەتى هەرێمى کوردستانی لێ بەرهەم هات، بۆیە باشترین هێزى کورد یەکبوونمانە و پشت بە خۆمان ببەستین".
''دەبێت هەموو لایەنەکان ئەم بانگەوازە دڵسۆزانەى کاک مەسعود بە هەل بزانن و بیقۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، بەتایبەتى یەکێتی و پارتى، ئەو دوو حزبە تەبا بن کێشەکان چارەسەر دەکرێن، خراپیى پێوەندىی ئەو دوو حزبە لە ماوەى چەند مانگى ڕابردوودا دۆخى ئابوورى و مووچەی خراپ کرد، پاشان خەڵک لە دڵەڕاوکێدا بوون، بەڵام بە باشبوونى پێوەندیى ئەو دوو هێزە، زەمینە لەبار دەبێت بۆ چارەسەربوونى کێشەکان.'' جەمیل هەورامى واى گوت.
عەزیز ڕەسووڵ




