دواین زانیاری دەربارەی پرۆژەی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، کارکردن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هەوڵی جددییشی بۆ دەدرێت و ئێستا لە قۆناغی یەکەمدا خەریکە کارەکان تەواو دەبن، کە دیراسەی لایەنی ئابووریی بۆ دەکرێت، دواتر دیزاینی بۆ ئامادە دەکرێت، ئینجا لەگەڵ کۆمپانیاکان قسە دەکەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە.
توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هەنگاوەکان بۆ دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان ئێستا هەڵسەنگاندنی لایەنی ئابووری بۆ دەکرێت و لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو هەنگاوی یەکەمە کۆتاییی پێ دێت، دواتر دەست بە هەنگاوی دیکە دەکرێت، ئەویش ئامادەکردنی دیزاینی پرۆژەکەیە چۆن بێت و بە چ شێوەیەک دروست بکرێت و لە کوێ هەتا کوێ دەست پێ بکات.''
توانا بەشیر گوتیشی: ''هەرکاتێک قۆناغی یەکەمی تەواو بوو و دیراسەیەکی باشی پرۆژەکە کرا ئەوکات دیار دەبێت چەند بودجەی پێویستە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، بۆیە لەو کارە ئێستا لە قۆناغی کۆتاییداین.''
بەشیر باسی لەوەش کرد: ''کاری بەردەوام دەکرێت و هەوڵ دەدرێت ئەمساڵ هەندێک هەنگاوی باش بنرێت، بۆ دیراسەی لایەنی ئابووری گرێبەستمان لەگەڵ دوو کۆمپانیای بیانی هەیە و یادداشتی لێک تێگەیشتنمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانیش هەیە بۆ ئەوەی وڵاتان هاوکاریمان بکەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەر، بۆیە هەوڵی جددی دەدرێت ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت.''
گوتیشی: ''دوای تەواوبوونی هەنگاوی یەکەم و ئامادەکردنی دیزاین ئەوکات هەوڵ دەدرێت لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت.''
بڵند ئیبراهیم




