٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پیرۆزبایی پارتی بۆ ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان.

ئەمڕۆ یادی پڕشکۆی دامەزراندنی یەکەمین ڕێکخراوی پیشەیی و پێشەنگ لەسەر ئاستی کوردستان دەکەینەوە، ئەو ڕێکخراوەی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە (١٥/ ٥/ ١٩٦٢) توانیویەتی لە ڕێگەی بەرنامە و پلانی خۆی خزمەت بەو توێژە هێژایە بکات.
مێژووی تێکۆشانی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لەگەڵ بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان بەردەوام بووە و لە ڕەوش و هەلومەرجە دژوار و سەختەکانیشدا ڕۆڵی ئەرێنی خۆی بینیوە لە پەروەردە و فێرکردن و پێگەیاندندا.
لەو کاروانە سەرفرازەیدا وێڕای نەسرەوتن و قوربانیدان، وەک هەمیشە سەنگەرێکی داکۆکیکار بووە هەم لە دۆزە ڕەواکەمان و هەمیش لە خواست و ویستی توێژی مامۆستایان و لەو ڕێگایەشدا دەستکەوتێکی زۆری بەدی هێناوە.
کار و پلان و چالاکییەکانی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دڵسۆزانە و بەرپرسانە لە خزمەت سەرجەم ئەو توێژە ماندوونەناسە بووە و سەرکەوتووانە ئەرکی پێشەییانەی خۆی ڕاپەڕاندووە، بۆیە مایەی دەستخۆشی و ستایشن.

ئەرکی ئێوەی بەڕێز شانبەشانی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک گرنگتر و کاریگەرترە، لەبەرئەوەی سەردەمی ئێستامان سەردەمێکی جەنجاڵ و خێرایە لە هەموو ڕوویەکەوە، بۆیە پێویستی بەوەیە بەپێی سیستمێکی هاوچەرخانە مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕەوشەدا بکرێ لە بواری پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەکان و بونیاتنانی داهاتوومان، هەروەها برەودان بە بنەما ڕاستەقینەکانی نیشتیمانپەروەی و کولتووری نەتەوەییمان.
وێرای پیرۆزباییمان لە ئێوە و ئەندامانی یەکێتییەکەتان و سەرجەم مامۆستایان، دووبارە ئەو یادە و ئەرک و ماندووبوونی ئێوە بەرز دەنرخێنین و تەواوی پشتیوانیی خۆمان بۆ یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دووپات دەکەینەوە، هیوادارین بۆ ساڵی داهاتوو لەو کار و ئەرکە پیرۆزەتان بەردەوام بن و دەستکەوتی باشتر و زیاتر بۆ توێژی مامۆستایان بەدی بێنن.

لەو بۆنەیەدا سڵاو و وەفاداریی بۆ دامەزرێنەر و سەرۆک و سکرتێرانی پێشەنگ، ئەوانەی لەڕیزی ئەو یەكێتییە کاریان کرد و خزمەتی توێژی مامۆستایانیان کرد.

مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٥ـی٥ـی٢٠٢٣

هەواڵی پەیوەندیدار