لیژنەی کۆچ و کۆچبەران بۆ KDP: لەجیاتی پاداشت ئاوارەکان سزا دەدرێن

شنگال-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لەپەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی نەدانی مووچە بە ئاوارەکانی شنگال دژی یاسا و بەرژەوەندیەکانی ئاوارەکانە و وەزیری کۆچ و کۆچبەران ئەو پرسەی بەسیاسی کردووە، بۆیە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاگادار دەکەینەوە کە رێگری لەو بڕیارە بکرێت.
سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لەپەرلەمانی عێراق، شەریف سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاری دا لەبارەی نەدانی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی بەئاوارەکانی شنگال تا نەگەرێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، دیارە وەزارەت حیسابی ئەوەی نەکردووە نۆ ساڵە ئاوارەکان لەئاوارەیی و ناخۆشی دەژین و ئەوەی بەسەر ئاوارەکان ھاتووە کە بوونەتە قوربانی دەستی داعش و دواتریش بوونەتە قوربانی بەرژەوەندی وڵاتان و گرووپی نامۆ، دیارە حکوومەت لەوە بێ ئاگایە و دیراسەی ئەو بابەتە نەکراوە و ئەوەی کراوە دژی یاسا و ئاوارەکانە، لەبەر ئەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاگادار دەکەینەوە لەو کارەی دژی ئاوارەکانی شنگال کراوە لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق".
شەریف سلێمان گوتیشی: "لەجیاتی ئەوەی پاداشت بکرێن دێن سزا دەدرێن، کە ئەوەش وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئەوکارە دەکات بەتایبەت شەخسی وەزیری کۆچ و کۆچبەران کە شکستی ھێناوە لە پۆستەکەی خۆیدا و پرسەکان بەسیاسی دەکات و ھیچ پلانێکیشی بۆ خزمەتی ئاوارەکان نیە و دەیەوێت بەو جۆرە شکستەکانی خۆی بشارێتەوە، بۆیە داواکارین سەرۆکوەزیران و ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بێنە سەرخەت و رێگە نەدەن دژایەتی زیاتری ئاوارەکان بکرێت، چونکە ئەوەی دەکرێت دژی یاسا و بەرژەوەندی خەڵکی ئێمە و مافی ئاوارەکانە و پێویستە مافیان بدرێت، چونکە حکوومەت لەناو ئاوارەکان نیە و دوورە لە ئاوارەکان، بۆیە پێویستە چیتر ئەو کارە بەرامبەر ئاوارەکان نەکرێت".
سلێمان باسی لەوەشکرد: "300 ھەزار کەس لە خەڵکی شنگال ئاوارەن و لە کەمپەکان و لەدەرەوەی کەمپەکان دەژین، کە لە 15 کەمپ و لە شوێنەکانی دیکە نیشتەجێبوونە، بۆیە ئاوارەکان بەو جۆرەی ئەوان دەیانەوێت ناگەڕێنەوە، ھاوکات نە خزمەتگوزاری ھەیە و نە دۆخی ئەمنیش جێگیرە، بۆیە پێویستە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت ئەوکات داوای گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت".
بڵند ئیبراھیم




