٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی کارەبا بۆ KDP: ھاوینی ئەمساڵ کارەبا باشتر دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەڵەبجە-KDP.info- وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ئێستادا نزیکەی ٢٤ کاتژمێر کارەبا بەھاونیشتییمانیان دەدەین، ھەروەھا دەڵێن، بەرھەمھێنان زیادی کردووە و بۆ وەرزی ھاوینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو کاتژمێر کارەبا زیاتر دەبێت، ھاوکات بەو چاکسازیەی کردوویانە لە تۆڕەکانی کارەبا و زیادکردنی بەرھەمی کارەبا وای کردووە ڕەوشی کارەبا باشتربێت.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٤ کاتژمێر کارەبا بە ھاونیشتییمانیان دەدرێت، لە وەرزەکانی بەھار و پایز خواستی بەکارھێنانی کارەبا دادەبەزێت، ئەویش ئەوەمان پێدەڵێ شەبەکەی کارەبای کوردستان دروستەو ئەو کارەبای ھەیە دەتوانێت بگوازرێتەوە بۆ ھەموو ھاوبەشەکان، ھەروەھا باشبوونی دۆخی کارەبا لە ئەمساڵدا تەنھا پەیوەندی بە کەشوھەوا نییە، واتا بەراورد بە ساڵی رابردوو بەپێی ئەو داتایانەی ھەمانە، دوو کاتژمێر کارەبامان زیادی کردووە ئەوەش بەرھەمی زیادکردنی کارەبایە لە بەرھەمھێنان و باشکردنی تۆڕی کارەبا و فراوانکردنی تۆڕی دابەشکردن".

ئومێد ئەحمەد گوتیشی: "بۆ ھاوینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو دۆخی کارەبا باشتر دەبێت، ساڵی رابردوو بەتێکرا ١٤ بۆ ١٥ کاتژمێر کارەبامان داوە بەھاوبەشان، بۆ ئەمساڵیش دوو کاتژمێر زیاتر دەبێت، ھەروەھا چاکسازییمان لە تۆڕەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا کردووە، ھاوکات دوو تۆڕی نوێی بەرھەمھێنانی کارەبا داخیل بوون، لەگەڵ بوونی پێوەری زیرەک، بەشێکی زۆری سەرپێچییەکانیش کۆتای پێھاتووە".

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات: "لە کوردستان سێ پڕۆژەی گەورەی وزەی خۆرمان ھەیە بە توانای ٢٥ مێگاوات لە ساڵێکدا، ژێرخانەکە خۆی نزیکە ١٠٠ مێگاواتە بەڵام بەھۆی ئەوەی وزەی خۆر ناتوانێت بە بەردەوامی ٢٥ مێگاوات بدات، بۆ نموونە ڕەنگە شەوان ھیچ کارەبات پێنەدات و ڕۆژانی ھەور و نا ئاسایی کارەبای کەمتر دەکات لە کۆی گشتی ساڵدا ٢٥ مێگاواتت پێدەدات".

 

 عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار