٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی ھەولێر: بە فەرمانی مەسروور بارزانی زەویی سندووقی مۆڵەتیان پێ دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- قایمقامی ھەولێر ئاشکرای کرد، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگە بە زەویی سندووقی دەدرێت بکرێتە خانوو. دەشڵێت، بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و چەندین لیژنە پێک ھاتوون.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو زەوییانەی سندووقین مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان پێ دەدرێت، چونکە ژمارەیەکی زۆری زەوی سندووقی ھەن و دوای دەرچوونی یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دروستکردنی خانوو لە حەرەمی گوندەکان ڕاگیرا، سێ ساڵ زیاترە خەڵک داوا دەکات مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان پێ بدرێت دوای پێکھێنانی لیژنەیەک بڕیارێک لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان دەرکرا.''

قایمقامی ھەولێر گوتی: ''ئەو زەوییانەی دەکەونە نێوان دوو خانوو لە سنووری حەرەمی گوندەکانن و ڕێگەیان پێ دەدرێت خانوو دروست بکەن، چەندین کۆبوونەوە لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەڕێوە چوون و پێویستە بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.''

نەبەز عەبدولحەمید ڕوونی کردەوە: "ڕێکارەکان تەواو بوون و لەگەڵ داواکاریی ھاووڵاتیان پێشکەش بە شارەوانی کراوە و لیژنەکان پێک ھاتوون، تەنھا ئەوەی ماوە ڕێکخستنی فۆرمێکە بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی زەویی سندووقی، بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە لەناو حەرەمی گوندەکان بێت.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار