٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی: دوای دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی ئێمە وەکوو پارتی ئامادەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگ بوو، لە دوو لایەنەوە کە بانگهێشتی هەموو لایەنەکانی کردبوو و لە پەیامەکەشیدا داوای کۆبوونەوەی لایەنەکانی کرد بۆ ئەوەی یەکگرتوو بن، بۆیە ئەمە گرنگییەکی زۆری هەبوو و ئێمەش وەکوو پارتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەین هەرچی پێویست بکات، جێبەجێی بکەین.''

هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگ بوو لە ڕووی کات و لە ڕووی شوێنیش، چونکە بۆنەکە لە بارزان بوو و کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی بوو، لەبەر ئەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی داوەت کردبوو کە خۆی لە خۆیدا ئەوە کۆکردنەوەی لایەنەکان بوو و جگە لەوەش، دەستپێشخەری هەبوو لە پەیامەکەی خۆیدا، کە ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەکانی کرد.''

هیوا ئەحمەد مستەفا گوتیشی: ''خۆی گرنگییەکەی لەوەدا بوو بانگهێشتنامە بۆ لایەنەکان دەستپێشخەرییەکی باش بوو، ئەوەی دیکەش لە پەیامەکەیدا داوای کۆبوونەوەی لایەنەکانی کرد و یەک بگرن، بۆیە زۆر پڕمانا بوو و زۆریش گرنگ بوو، بۆ ئەوەی لایەنەکان گلەیی نەکەن خوا نەخواستە جیابوونەوەیەک دروست بێت و ئەوەش نابێت، بۆیە ئێمە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان یەکسەر بەیاننامەیەکمان دەرکرد و پێشوازیمان لەو دەستپێشخەرییە کرد و نیشانمان دا، سەرۆک بارزانی فەرمان دەکات و هەرچی بڵێت جێبەجێی دەکەین، بۆیە چەند ڕۆژێکە خەریکی ئەو بۆنەیە بووین و هیوادارین لایەنەکانی دیکەش بەهەندی وەربگرن.''

مستەفا باسی لەوەش کرد: ''ئێمە وەکوو پارتی هەرچی هەبێت ئامادەین و یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیش بۆ کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئامادە بن و کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەین و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش هەرچی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین، بۆیە لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین و ئێمەش ئامادەین و یەکێتیش هاتوونەتە پێش و بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕووی سیاسیشەوە کاریگەریی دەبێت.''

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار