٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڵێن عەبدوڵڵا: پێشوازی و پشتیوانی لە بانگەوازەکەی سەرۆک دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پشتگیریی حزبەکەی بۆ بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی و دەڵێت، پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن و بچنە ژێر باری ئەو بەرپرسیارییەوە بۆ ئەوەی بە پڕۆژەیەکی گشتگیر بەرەنگاری گۆڕانکارییەکان ببینەوە.

بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لەگەڵ ئەوە بووین ھەر کێشەیەک ھەبێت تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان مێزی دانوستان و لێک تێگەیشتنە. ئەگەر کێشەی ناو حکوومەت بێت پێویستە لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا چارەسەر بکرێت، کێشە سیاسییەکانی دیکەیش بە ھەمان شێوە بە دانوستان چارەسەر بکرێن، چونکە بێگومان بۆچوونی جیاواز ھەن، بەڵام ئێمە قەزیەیەکمان ھەیە پەیوەستە بە ئایندەی گەلەکەمان و دۆزی ڕەوای میللەتەکەمانەوە ھەیە؛ ھەم لە عێراق و ھەم لە ناوچەکە. لەبەر ئەوەیش پێویستە لایەنە سیاسییەکان بگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتمانیدا، بەتایبەتی لە قۆناغی ئێستادا ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان ھەن و گۆڕانکاریی گەورە بەڕێوەن، ئەگەر بێت و لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیە بەرەنگاری ئەو پێشھاتانە نەبینەوە بە لێکترازان ھیچمان پێ ناکرێت.''

لەبارەی پەیامی سەرۆک بارزانییەوە، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەشڵێت: "پێم وایە ئەو پەیامەی سەرۆک لە کاتێکی زۆر گونجاوە و پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن و بچنە ژێر باری ئەو بەرپرسیارییەی ئەم قۆناغەی لە ئەستۆماندایە، ئێمە پشتگیری و پێشوازیمان لە بانگەوازەکەی جەنابیان کرد، ئومێد دەکەین تێکرای لایەنە سیاسییەکان ئەو زەمینەسازییە بەکار بێنین بۆ ئەو بەرنامەیەی لە پێشمانە.''

بەڵێن عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا: ''بەڕێوەنەبردنی ھەڵبژاردن و دووبارە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پەرلەمان مەترسییە، ھەڵبژاردن مافی خەڵکە بەر لە ململانێی حزبی پرسی ھەڵبژاردن یەکلا بکرێتەوە و لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، چونکە ئەگەر ھەڵبژاردن نەکرێت، ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کۆمەڵێک پرسیارەوە، دەستووریەتیی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیار، ئەگەر کێشەی سیاسی لێرە و لەوێ ھەبێت لەگەڵ پرسی ھەڵبژاردن تێکەڵ نەکرێت.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار