٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دکتۆر سالار: لە ڕێگای ئۆفیسی سلێمانییه‌وه‌ ھەموومان دەتوانین خزمەتی وڵاتەکەمان بکەین

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، بە ئامادەبوونی دکتۆر سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و دکتۆر ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و سەعید سەلیم پشدەری بەرپرسی لقی چوار و شێخ ستار عەواڵانی، بەرپرسی لقی ٢١ و د. محسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و ھونەری سلێمانی و ژمارەیەک لە ڕۆشنبیر و ڕووناکبیر و ھونەرمەند و ڕۆژنامەنووس و کەسایەتیی دیار،  ئۆفیسی سلێمانیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرایەوە.

لە دەسپێکدا  دکتۆر سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە ڕێگای ئەو بیرۆکانەی بۆ ئەم ئۆفیسە ھەیە، ھەموومان بەیەکەوە دەتوانین بە گیانی یەکڕیزی خزمەتی وڵاتەکەمان بکەین.

گوتیشی یەکێک لە بیرۆکەکان دەرکردنی گۆڤارێکە، کە ئەم گۆڤارە خزمەتی زۆر بەم قۆناغەی ئێستا و ڕوناکبیریی کوردی دەکات، ھاوکات کردنەوەی خولی مەشق و ڕاھێنان لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و میدیایی و پەروەردەیی و زمان و بوارەکانی تریش، لە کار و چالاکییەکانی ئەم ئۆفیسە دەبێت.

ھەر لەو مەراسیمەدا دکتۆر ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی  وتەیەکی پێشکەش کرد و بەناوی پارێزگای سلێمانی پیرۆزبایی لە کردنەوەی ئۆفیسی سلێمانیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.

گوتیشی: بۆ بۆنە و یادەوەریی حزبیانە زۆر بەدەگمەن دەچم، تەنھا بۆ ئەو بۆنانە نەبێت کە لە ڕێگای چالاکی و نووسینگەکان و بەرنامەی حزبییەوە خزمەتێک بە کایەی گشتی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان و یەکترقبوڵکردن دەکەن، کە ئەم ئۆفیس و بەشە یەکێکیانە.

دواتر ھەریەک لە ھونەرمەندان و نووسەران  یاسین قادر بەرزنجی و حەمە ڕەشید ھەرەس و خەڵات عومەر وتەیان بە بۆنەی کردنەوەی ئۆفیسی سلێمانیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن پێشکەش کرد.

مەبەست لە کردنەوەی ئەم ئۆفیسە، بایەخدانی پترە بە بواری ڕۆشنبیری و میدیایی و کلتوری و ئه‌ده‌بى و هونه‌رى، ھاوکات ئەنجامدانی‌ چەندین پڕۆژه‌ و چالاكیی تر.

دواتر چەپکە گوڵی پیرۆزبایی سەندیکا و کۆمەڵە و ناوەندە ڕۆشنبیری و میدیایی و هونەرییەکان پێشکەش کران و هیوای سەرکەوتنیان بۆ ئۆفیسی سلێمانیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان خواست.

 

هەواڵی پەیوەندیدار