سبەی دەست بەقیرتاوکردنی رێگای سماقووڵی دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی ھەولێر ئاشکرایکرد، دوو رێگای سەرەکی لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەست بە نۆژەنکردنەوەیان کراوە، ئەوانیش رێگای سماقووڵی و رێگای دۆڵی بالیسان، کە سبەی دەست بەقیرتاوکردنی رێگای سماقووڵی دەکرێت.
عیماد محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەموو ئامادەکاریەک کراوە بۆ ئەوەی دەست بەقیرتاوکردنی رێگای سماقووڵی بکەین، چونکە پێشتر ئەوەی پێویست بوو بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگاکە کراوە و تەنھا ماوە قیرتاو بکرێت، چونکە پێشتر کارمان تێداکردبوو کارەکان ڕاگیرابوو، بۆیە لە قۆناغی یەکەم 10کم دەبێت، چونکە تا ھەمووی تەواو دەبێت نزیکەی مانگێکی دەوێت و ھەموو رێگاکە 22کم دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەت پارەی تەرخان کردووە کە داواکاری خەڵکە بۆیە دەست بە نۆژەنکردنەوەکە دەکرێتەوە و رێگاکە بەشێوەیەکی باش نۆژەن دەکەینەوە و بۆ قۆناغی یەکەم 3 ملیار و 300ملیۆن دینارە".
عیماد محەمەد گوتیشی: "بەشێوەیەک رێگاکە نۆژەن دەکەینەوە کە خەڵک بتوانێت بەئاسوودەیی ھاتووچۆ لەو رێگایە بکات و ئەو گرفتەی ھاتووچۆ ھەیە چارەسەر بکرێت".
محەمەد باسی لەوەشکرد: "رێگای بالیسانیش نۆژەن دەکرێتەوە کە پڕۆژەیەکی گەورەیە و 27کم دەبێت، کە ئەویش ئێستا کاری تێدا دەکرێت و ماوەیەک بوو ڕاگیرابوو ئێستا جارێکی دیکە دەستی پێکردووەتەوە، واتا حکوومەت 3 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکردووە وەکو قۆناغی یەکەم، بەڵام دواتر دەرخستەیەکی نوێی بۆ کرا گەیشتە 7 ملیار دینار، بۆیە ماوەیەک بۆ بەڵێندەر دیاری کراوە و پێویستە لەوادەی خۆیدا تەواوی بکات".
بڵند ئیبراھیم




