هاووڵاتیانی کوردستان.. بانگەوازە نیشتمانییەکەی مەرجەعی باڵای کورد دەرفەتی یەکگرتنە
__2023_05_13_h18m22s26__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- هاووڵاتییانى کوردستان خۆشحاڵن بە بانگەوازە دڵسۆزانەکەى مەرجەعى باڵاى کورد بۆ کۆبوونەوەى هەموو لایەنە کوردستانییەکان و تێپەڕاندنى ئەو دۆخى سیاسییە چەقبەستووەى بەرۆکى هەرێمى کوردستانى گرتبووەوە و داوا دەکەن هەموو حزبەکان وەک خۆى بەدەم دەستپێشخەرییەکەى سەرۆکەوە بڕۆن، هەمیشە ئێمەى گەلى کورد بە یەکگرتوویى سەرکەوتووین.
کاوە مەحموود بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "دەستپێشخەرییەکەى جەنابى سەرۆک وەک مەرجەعى باڵاى گەلى کورد، زۆر بەباشى دەبینم و جێگاى دڵخۆشییە ئاشتەوایى بەرقەرار بێت، ئەوە لە هەموو کاتێکدا باشە، بەڕاستى پێویستە هەموو حزبەکان بەدەم بانگەوازە ئاشتییەکەى سەرۆکەوە بێن و دڵنیاشم دێن، ئێمە هیچ کاتێک لە شەڕدا نەمان بردووەتەوە، بەردەوام گەلى کورد بە هاودەنگى سەرکەوتوو بووە، بە ناکۆکییەکانیش زیانمان کردووە".
هەر لەم بارەیەوە، تاڤان بارزان بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستان دەڵێت: "هەموو کورد چاوى لەوە بوو سەرۆک بارزانى وەک مەرجەعى باڵاى گەلى کورد بانگەوازى ئاشتى ڕابگەیەنێت، سەرۆک بارزانى تاکە سەرکردەیە دەتوانێت ئەو قەیرانە سیاسییەى بەرۆکى هەرێمەکەمانى گرتبوو، تێ بپەڕێنێت، هەموو وەک مەرجەعى باڵاى کورد پابەندى فەرمانەکانى دەبن، ئێستا کاتى ئەوەیە شەقام و حزبەکان و میدیا هاوکار بن لەگەڵ بەڕێزیان تاکوو بانگەوازە نیشتمانییەکەى وەک خۆى جێبەجێ بکرێت و ئاڕاستەیەکى حوکمڕانیى تەندروست بە بەر هەرێمەکەماندا بکرێتەوە و ئامادەى هەر ئەگەرێک بین کە ڕووبەڕووى کوردستان دەبێتەوە، هەمیشە لە یەکگرتووییدا ئێمە بردوومانەتەوە و دەشیبەینەوە، هاوشێوەى ڕاپەڕینە مەزنەکەى گەلى کورد کاتێک کورد یەکگرتوو بوو قەوارەى هەرێمى کوردستان بەرهەمەکەى بوو، خەباتى شۆڕشگێڕى لە شاخەوە گۆڕدرا بە خەباتى حوکمڕانى و دیپلۆماسى و ئاوەدانیی پارچەیەکى کوردستان بووەتە لانەى حەوانەوەى هەر کوردێک کە دووچارى گرفتێک ببێتەوە".
ڕهنجدهر نهوشیروان کەرکووکییش بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستان دەڵێت: ''ئێمە دەزانین ئازارى پەرتەوازەییى ناوماڵى کورد چەندە کارەساتبارە بۆ گەلى کورد، بۆیە لە کەرکووکەوە خۆشحاڵین بە بانگەوازە دڵسۆزانەکەى مەرجەعى باڵاى کورد، سەرۆک بارزانى، بۆ ڕێکخستنەوەى ناوماڵى کورد، چاوەڕێ دەکەین دۆخى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان دواى ئەم دەستپێشخەرییەى سەرۆک بەرەو باشى هەنگاو بنێت و کورد یەکگرتوو بێت، ئەوە کاریگەریى باشى دەبێت لەسەر ڕەوشى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئیدارى کەرکووک، دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی کارێکی پیرۆزە و پێویستە ھەموو کوردێک شانازیی پێوە بکات، ئەم دەرفەتە ئاشتەواییە نابێت لەدەست بدرێت و خەڵک دڵى بە ئاشتى خۆشە و داواى برایەتى و پێکەوەکارکردن لە هەموو حزبەکان دەکات".
هەر لەم بارەیەوە، حەمید تۆفیق عەلى بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانی ڕاگەیاند: "وەک هاووڵاتییەک پێشوازى لە دەستپێشخەرییەکەى جەنابى مەرجەعى باڵاى گەلى کورد، سەرۆک بارزانى، دەکەم، هەموو لایەنەکان لەسەریانە لەژێر چەترى بانگەوازە ئاشتییەکەى مەرجەعمان ڕێک بکەون، یەکڕیزیى ماڵى کورد زامنى گەشەپێدانى وڵاتەکەمانە، پەیامەکەى سەرۆک لەم بارودۆخەدا زۆر پێویست بوو، دڵنیاین بەرهەمەکەى یەکڕیزیی لایەنەکانى لێ دەکەوێتەوە".
عەزیز ڕەسووڵ




